22/08/2025
گرێی سەندرێلا
ئەم زاراوەیە بۆ یەکەم جار لەلایەن«کۆلێت داولینگ» (Colette Dowling) لە کتێبی بەناوبانگەکەیدا بە ناوی «گرێ سەندرێلا: ترسی شاراوەی ئافرەتان لە سەربەخۆیی» (The Cinderella Complex: Women's Hidden Fear of Independence) کە ساڵی ١٩٨١ بڵاوکرایەوە، بەکارهێنرا.
داولینگ لەم کتێبەدا، ئەم گرێیە وەک ترسێکی نائاگای لە سەربەخۆیی لە ئافرەتاندا پێناسە کرد کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئازادی و خەیاڵەکانیان لەلایەن پیاوێکەوە بێتەدی.
(زۆرجار کچانی گەنج) باوەڕیان وایە کە بۆ ڕزگاربوون، خۆشبەختی و سەرکەوتن لە ژیاندا، پێویستە چاوەڕێی کەسێکی دەرەکی (زۆرجار پیاوێکی نمونەیی) بکات تا بیباتە ناو ژیانێکی خەیاڵییەوە. لەم باوەڕەدا، کەسەکە هیچ ڕۆڵێکی چالاکی لە دروستکردنی ژیانی خۆیدا نییە و بەرپرسیاری خۆشبەختکردنی خۆی و هاوسەرەکەی قبووڵ ناکات.
هەروەک لە چیرۆکی سەندرێلاشدا هاتووە کچێکی شۆخ و شەنگ و دەست ڕەنگین ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و خۆی ئازاد بکات بەڵکو چاوەڕێی شازادەیەک دەکات تاکو ڕزگاری بکات و ئازادی بکات.
هەرچەندە ئەم کتێبە نزیکی نیو سەدە پێش ئێستە نوسراوە بەڵام هێشتا ئەم گرێیە بوونی هەیە و هەندێک لە کچان لەجیاتی ئەوەی چاوەڕێی شازادەیەک بن بە ئەسپێکی سپییەوە, چاوەڕێی کوڕێک دەکەن بە ئۆتۆمبیلێکی گران بەهاوە و دابینکردنی سەرجەم داواکاری و خەونەکانیان , کاتێکیش هاوسەرگیری دەکەن و ئەوەی لە خەیاڵیان بووە نایەتە دی ئەوکات زیاتر بارودۆخی دەرونیان تێک دەچێت .
هۆکارەکان :
هۆکاری سەرەکی: شێوازی پەروەردەکردنی هەڵەی دایک و باوکە وەک:
· هاندانی کچان تەنیا بۆ ئەوەی "ڕێک و پێک، بێدەنگ بن و نەچنە دەرەوە".
· دانانی سنووری زۆر توند بۆ یارییە منداڵییەکان. دروستکردنی ئەو بیرکردنەوەی کە کچان نابێ سەربەخۆ بن و دەبێت هەمیشە پشت بە پیاوێک ببەستن ئەگینا خۆیان ناتوانن هیچ بکەن.
ئەم شێوازی پەروەردەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆ و بەرپرسیارێتی.
دەرئەنجامەکان:
· نەتوانین لە بڕیاردان تەنانەت لە بارودۆخە سادەکانیشدا.
· ژیان لە ناو خەیاڵدا و دوورکەوتنەوە لە ڕاستییەکانی ژیان.
چارەسەر و ڕێگەگرتن:
1. گۆڕینی بیرۆکە: فێرکردنی ئەوەی هاوسەرگیری تەنیا بەشێکی ژیانە، نەک هەمووی و نەک تەنیا ڕێگایەک بۆ خۆشبەختی.
2. پەروەردەی سەربەخۆیی فکری: فێرکردنی بەرپرسیارێتی و بڕیاردان بە کچان لە تەمەنی منداڵییەوە. پێویستە ئامانج و پلانیان هەبێت بۆ ژیانی خۆیان.
3. خۆدوورگرتن لە بیرکردنەوە زیانبەخشەکان: خۆدوورگرتن لە وتنی هەندێ ڕستەی وەک: "چاوەڕێ بکە بۆ ماڵی خۆت!" یان "ان شاء اللە بەختت دەکرێتەوە!" کە سەربەخۆیی لە کچان لەناو دەبات.
4. هاوسەنگی لە فێرکردندا: نابێت زیادەڕەوی تێدا بکرێت و هاوسەرگیری بە تەواوی بێ بەها نیشان بدرێت. ئامانج، دروستکردنی هاوسەنگی و تێگەیشتنی هاوبەشێکە لە پەیوەندیدا.
5. فێرکردنی کوڕان: پێویستە کوڕانیش فێر بکرێن کە کچانیش مافیان هەیە سەربەخۆ بن و کە هاوسەرگیری دەکەن بە واتای کۆیلەکردنیان نایەت .
6. ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان و پشتگیری کردنیان هەم لەلایەن خێزان هەم لەلایەن هاوسەریشەوە بۆ ئەوەی بە سەربەخۆیی ئەو پیشە و کارەی حەزیان لێیە بیکەن.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەو بیرکردنەوە لاببەین لای کچان کە نابێت ئیش بکەن و سەربەخۆ بن و بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان خۆیان هیچ نەکەن تەنها چاوەڕوانی کوڕێک بکەن بێت و وەک شازادەی خەونەکانیان هەموو شتێکیان بۆ دابین بکات هەروەها دەبێت کوڕانیش لەوە تێبگەن ئیشکردنی کچان بە ئاسایی وەربگرن و دەبێ پشتیوان و پاڵپشتیان بن و هەموو مافێکیان لە ئیشی ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ کورت نەکەنەوه .
هێمن محمد