31/03/2021
٢٠٠ کەس دووای وەرگرتنی ڤاکسین تووشی کۆرۆنا بوون
ئامادەکردنی: ئەردەڵان عبدالحميد
ماستەر لە مۆلیکیولەر بایۆلۆجی و مایکرۆبایۆلۆجی
بەپێی زانیاری ئاژانسی تەندروستی گشتی سوید لەسەر کاریگەری کوتان لە دانیشتواندا، ٢٠٠ کەس پاش دوو هەفتە لە دووەم ژەمە کوتانی کۆڤید-١٩ تووشی نەخۆشی کۆڤید -١٩ بوون ئەمەش لە سەدا ٠.٠٧ ی کۆی گشتی حاڵەتەکانی کۆڤید-١٩ یە لە دوای نۆبەی ساڵەوە لە سووید، وە ٠.٠٦٪ هەموو ئەو کەسانەی بە دوو ژەم کوتراون دژی کۆرۆنا. ئەمەش مانای وایە کە ڤاکسینەکە پارێزگارییەکی باش دەستەبەر دەکات.
هیچ ڤاکسینێک پارێزگاری لە ١٠٠٪ دابین ناکات، وە تووشبوون بە نەخۆشی لە دووای هەموو جۆرەکانی ڤاکسین روودەدات.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە ، کوتان دژی کۆڤید-١٩ پارێزگاری باش لە دژی نەخۆشی کۆرۆنا دابین دەکات ، ئەوانەی توش بوون چاوەروان ناکرێت نیشانەی زۆر سەخت لێیان سەرهەڵبدات یان پێویستیان بە چاودێری پزیشکی چر هەبێت.
بە گشتی ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن سوێدێ بە یەک ژەم کوتراون وە نزیکەی ٤٣٠ هەزار بە دوو ژەم کوتراون. دەرکەوتوە کە نزیکەی ٦ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون دوای وەرگرتنی ژەمی یەکەم کە نزیکەی ٤ هەزار یان تووشی نەخۆشی بوون بەماوەیەکی کەم پاش کوتان پێش ئەوەی جەستەیان کاتی هەبێت بۆ دروستکردنی پاراستنێک .
ئاندرز تێگنێڵ لە ڕاگەیاندنێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت رێژەی تووشبوون لە دووای وەرگرنتی ڤاکسین کۆرۆنا رێژەیەکی سروشتی و چاوەڕوان کراوە.
هاوکات لە ئامارەکانی دەستگەی تەندرووستیی گشتی سوویدی دەرکەوتووە کە تووشبوون بە کۆرۆنا لە خانەکانی چاودێریی بەساڵاچووان بە لەسەدا ٦٩ کەمی کردووە ئەمەش یەکەم نیشانەی کاریگەریی ڤاکسینی کۆرۆنایە وە هەروەها ژمارەی مردنیش بەراورد بە پێشبینییەکان زۆر خێراتر لە کەمبوونەوەدایە.
لە ئاستی جیهانیشدا لە ئیسرائیل نیشانەی کاریگەریی ڤاکسینەکە لەسەر ٦٠٠ هەزار کەس دەرکوتووە کە ڕێژەی تووشبوون لە نێویاندا بە لەسەدا ٩٤ کەمی کردووە
بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی گشتی سووید دەکرێت دووای کوتان دژی کۆرۆنا تووشی نەخۆشی ببێت و هێشتا گومان هەیە لەوەی ئایا کوتانی خەڵک دەتوانێت زیاتر رێگر بێت لە بڵاوبوونەیەی کۆرۆنا ، گرنگە هەموو لایەک بەردەوام بن لە جێ بەچی کردنی ڕاسپاردەکان بۆ خۆپاراستن دژی نەخۆشی کۆڤید -١٩.