19/09/2020
-------------------(بەناوی خوای گەورە)----------------
-کاریگەریە لاوەکیەدرەنگ وەختەکانی چارەسەری شێرپەنجەی مناڵان چین ؟ کامانەن ؟ چۆن ڕێگری دەکەین لە ڕودان و کەمکردنەوەی کاریگەریەکان ؟
-لە ئەنجامی وەرگرتنی چارەسەر لەلایەن ئەو مناڵانەی کە توشی شێرپەنجە بوون دوو جۆر کاریگەری لاوەکی دەرئەکەوێت :
٭جۆری یەکەم(کاریگەری لاوەکی کورتخایەن) : ئەو جۆرە کاریگەریە لاوەکیانەیە کە لە کاتی وەرگرتنی چارەسەر دەرئەکەوێت و دواتر کاریگەریەکان نامێنێت، لە نوسینی پێشتردا ئاماژە بە بەشێک لەو کاریگەریە لاوەکیانە دراوە.
٭جۆری دووەم (کاریگەری لاوەکی درەنگ وەخت یاخود درێژخایەن): ئەو جۆرە کاریگەریە لاوەکیانەیە کە دەگونجێت لەکاتی وەرگرتنی چارەسەردا دەربکەوێت و دوای تەواوکرن و وەرگرتنی چارەسەرەکەش بەردەوام دەبێت لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی مناڵەکەدا، یاخود چەندساڵێک دوای وەرگرتنی چارەسەر ئەو کاریگەریانە دەردەکەوێت.
-کاریگەریە لاوەکیە درەنگ وەختەکان بە گوێرەی جۆری چارەسەرو جۆری شێرپەنجە دەگۆڕێت.
-پێویستە دوای وەرگرتن و تەواوکردنی چارەسەر بەردەوام چاودێری تەندروستی مناڵەکە بکرێت و سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنین بەمەبەستی دڵنیا بوون لە بارودۆخی تەندروستی لەبەر ئەوەی زۆرینەی کاریگەریە لاوەکیەکان بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت.
٭هۆکاری کاریگەریە لاوەکیە درەنگ وەختەکان چین ؟
-هەرجۆرێک لە چارەسەری شێرپەنجە دەکرێت ببێتە هۆکاری کاریگەری لاوەکی درەنگ وەخت، مەترسی دەرکەوتنی کاریەری لاوەکی درەنگ وەخت لەسەر مناڵاکە بەندە لەسەر چەند هۆکارێک لەوانە :
-بوونی نەخۆشی تر پێش دەستنیشان کردنی بەشێرپەنجە.
-جۆری شێرپەنجەکەو شوێنەکەی لە جەستەدا.
-ئەو شوێنەی جەستە کە چارەسەر دەکرێت.
-تەمەنی مناڵەکە ئەوکاتەی چارەسەر وەردەگرێت.
-بارودۆخی تەندروستی بەشێوەیەکی گشتی.
-هۆکاری بۆماوەی و مێژوی نەخۆشیەکە.
-جۆرو بڕی چارەسەرەکە.
٭جۆرەکانی کاریگەری لاوەکی درێژخایەن لەسەر مناڵی توشبوو بە شێرپەنجە ئەمانەی لای خوارەوەن:
1.کێشەی سۆزداری (عاتفی)[Emotional problem]:
کێشەی سۆزداری یەکێکە لە کاریگەریە لاوەکیە درەنگ وەختەکان کە دەبێتە هۆی (قەلەقی،خەمۆکی، ترس لە گەڕانەوەی نەخۆشیەکە بۆی). پێویستە لەکاتی تێبینی کردنی ئەو نیشانانە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەرونی بکرێت.
2.شێرپەنجەی دووەمی [Second Cancer]:
-ژمارەیەک لەو نەخۆشانەی لە شێرپەنجە چاکبونەتەوە مەترسی دەرکەوتنی جۆرێکی تر لە شێرپەنجەیان هەیە کە لە جۆری یەکەم جیاوازە و بە شێرپەنجە دووەمی ناو دەبرێت.
-باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەی دووەمی بریتین لە شێرپەنجەی (پێست،مەمک،غوددە)کان، چارەسەر بە تیشک و هەندێک جۆر لە دەرمانی کیمیایی پەیوەندیەکی بەهێزیان هەیە بە شێرپەنجەی دووەمییەوە.
- باوترین ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی شێرپەنجەی دووەمی ئەمانەی لای خوارەوەن:
- Cyclophosphamide
- Ifosfamide
- Etoposide
- Daunorubicin
- Doxorubicin
3.کاریگەری لەسەر وەچەخستنەوەو دروست بوونی کێشە لە گەشەی ئەندامی ڕەگەزیی نێرینەومێینە [Reproductive and sexual development problems]:
-هەردوو ڕەگەزی کوڕو کچ بۆ هەندێک جۆر لە چارەسەری شێرپەنجە مەترسیەکی گەورەیان لەسەرە بۆ دەرکەوتنی کاریگەرییە لاوەکی درەنگ وەخت.
-نەزۆکی یەکێکە لەمەترسیەکانی کاریگەری لاوەکی درەنگ وەخت ، بۆ کوڕ دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێت وەچە بخاتەوەو ببێتە خاوەنی مناڵ، لە کوڕدا ئەم جۆرانە لە چارەسەر دەبێتە هۆی نەزۆکی :
-چارەسەر بە تیشک بۆ ناوچەکانی (بەشی خوارەوەی گەدە، حەوز،گونەکان).
-چارەسەری کیمیایی ئەو گروپی دەرمانەی پێیان دەوترێت (Alkylating agents) نمونە وەک دەرمانی (Cyclophosphamide , Ifosfamide).
-هەروەها چارەسەرەکان دەگونجێت کاریگەریان هەبێت لەسەر هۆڕمۆنی نێرینە (Testosterone)، کەمی ئەم هۆڕمۆنە کاریگەری دەبێت لەسەر دەرکەوتنی سیفاتی دوەمی و لاوازی جنسی لە کوڕاندا.
-نەزۆکی کچان بەهۆی کاریگەری لاوەکی درەنگ وەخت کە دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێت دووگیان بێت یاخود نەتوانێت پارێزگاری لە دووگیانیەکەی بکات، وە هەروەها دەبێتە هۆی ناڕێکی لە سوڕی مانگانەدا.
-هەمان ئەو چارەسەرانەی بۆ کوڕ باسمان کرد دەبێتە هۆی نەزۆکی لە کچانیشدا وەک چارەسەر بە تیشک و دەرمانی کیمیایی.
-هەروەها کاریگەری لاوەکی چارەسەرەکان دەبێتە هۆی کەمبوونی هۆڕمۆنی مێینە (Estradiol)، کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر دەرکەوتنی سیفاتی دووەمی و لاوازی جنسی لە کچاندا.
4.کاریگەری لەسەر گەشە، پێگەیشتن و هۆڕمۆنەکان [Growth, development, and hormone problems] :
-چارەسەری شێرپەنجە دەگونجێت کاریگەری لەسەر ئەو ڕژێنانە هەبێت کە هۆڕمۆنەکان دروست دەکەن. ئەم ڕژێنانە بەشێکن لە سیستەمی دەردانی ڕژێنی ناوەکی وە هەروەها دەبنە هۆی دەست گرتن بەسەر بەشێک لە فەرمانەکانی جەستەماندا وەک (گەشە،میتابۆڵیزم،پێگەیشتن).
-جۆرەکانی چارەسەری شێرپەنجە کە کاریگەریان نەرێنیان هەیە لەسەر سیستەمی دەردانی ڕژێنی ناوەکی وەک :
-چارەسەر بە تیشک بۆ نزیک لە (سەر،چاو.گوێ) کاریگەری دەبێت لەسەر ڕژێنێک کە پێی دەوترێت (Pituitary gland) لەئەنجامدا دەبێتە هۆی دروست بوونی گرفت لە باڵا ، قەڵەو بوون.
-چارەسەر بە تیشک بۆ (ماسولکە،ئێسک، شانە نەرمەکان) دەبێتە هۆی کەمبونەوە یاخود ناڕێکی لە گەشەی ئەندامەکانی لەش .
-چارەسەر بە دەرمانی ستیرۆید وەک (Prednisone, Dexamethasone) یاخود دەرمانی (Methotrexate) ڕاستەوخۆ کاریگەریان دەبێت لەسەر دروست بوونی ئێسک و کەمبونی ڕێژەی چڕی کانزاکانی ئێسک ، لە ئەنجامدا داخوران و فشەڵ بوونی ئێسک(Osteoporosis) ڕودەدات. فشەڵ بوونی ئێسک نەخۆشیەکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسکەکان و مەترسی شکانی ئێسکەکان. بۆ ڕێگری و چارەسەری لەو حاڵەتە پێویستمان بە بەکارهێنانی (خۆراکی تەواوکاری ، خواردنی گونجاو ) هەروەها ئەنجامدانی وەرزش هەیە.
5.گرفت لە فێربوون و یادەوەری [Learning and memory problems]:
-چارەسەر بە تیشک بۆ مێشک هەروەها چارەسەر بە دەرمانی کیمیایی بەنمونە بڕێکی زۆر لە دەرمانی (Methotrexate) دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت لە فێربوون و یاەوەری.
6.گرفت بۆ دڵ [Heart problems]:
-گروپێکی دەرمانمان هەیە کە پێیان دەوترێت (Anthracyclin) دەگونجێت ببنە هۆی گرفت بۆ دڵ وەک (ناڕێکی لە لێدانی دڵ، لاوازبونی ماسولکەکانی دڵ، پەککەوتنی دڵ) نمونەی ئەو دەرمانانەش وەک (Daunorubicin,Doxorubicin,Idarubcin, Mitoxantron).
-هەروەها چارەسەربە تیشک بۆ هەندێک بەشی لاشە وەک (سنگ ،بەشی سەرەوەی گەدە ) دەگونجێت لە دواتردا گرفت بۆ دڵ دروست بکات.
7.دروست بوونی گرفت بۆ سییەکان و هەناسەدان [Lung and breathing problems]:
-ئەم جۆرانە لە چارەسەری شێرپەنجە دەبنە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ سییەکان و هەناسەدان:
-چارەسەر بە تیشک بۆ سنگ.
-نەشتەرگەری بۆ سنگ.
-ئەنجامدانی پرۆسەی چاندنی مۆخی سوری ئێسک.
-چارەسەر بە هەندێک جۆر لە دەرمانی کیمیایی وەک (Bleomycin,Busulfan,Carmustine,Lomustine)
-کاریگەری لاوەکی چارەسەری شێرپەنجە لەسەر سییەکان زیاترە لەسەر ئەو مناڵانەی تەمەنیان کەمترە.
-پێویستە چاودێری چالاکی سییەکان بکرێت لەڕێگەی پشکنینێکەوە کە پێی دەوترێت پشکنینی چالاکی سییەکان (Pulmonary function test) لەژێر چاودێری و ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ.
8.دروست بوونی گرفت بۆ ددان [Dental problem]:
-ئەم جۆرانە لە چارەسەری شێرپەنجە دەبنە هۆی دروست بوونی گرفت بۆ ددان:
-چارەسەر بە تیشک بۆ بەشەکانی (دەم، مل ،سەر).
-چارەسەر بە دەرمانی کیمیایی پێش هاتنی ددانی هەمیشەی.
٭پێویست پێش وەرگرتنی چارەسەر و دوای وەرگرتنی چارەسەر سەردانی پزیشکی پسپۆڕی ددانی مناڵان بکرێت بەمەبەستی ڕێگری و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ددان.
٭پێویستە دوای تەواوبوونی چارەسەرەکان هەموو (شەش) مانگ جارێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕی ددانی مناڵان بکرێت.
9.دروست بوونی گرفت بۆ سیستەمی هەرس [Digestive system problems]:
-ئەم جۆرانە لە چارەسەر دەبنە هۆی گرفت بۆ مەعیدەو ڕیخۆڵە :
-ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ورگ و ناوچەی حەوز.
-چارەسەر بە تیشک بۆ (مل ، ورگ ،حەوز، سنگ).
٭پێویستە لەسەر ئەوکەسەی چارەسەری شێرپەنجەی وەرگرتوەو چاک بۆتەوە سەردانی پزیشک بکات ئەگەر خواردنی بەئاسانی بۆ قوت نەدرا یاخود بەردەوام ئەم گرفتانەی لای خوارەوەی هەبوو :
-دڵە کزە.
-ئازاری مەعیدە.
-سکچوون.
-قەبزی.
-دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە.
10.دروست بوونی گرفتی بیستن[Hearing problems]:
-ئەم چارەسەرانە دەبنە هۆی دروست بوونی گرفتی بیستن:
-چارەسەر بە تیشک بۆ (سەر و مل).
-چارەسەر بە هەندێک جۆر لە دەرمانی کیمیایی وەک (Cisplatin,Carboplatin).
-هەموو مناڵێک کە ئەم جۆرە چارەسەرانەی وەرگرتوە پێویستە بۆ جارێکیش بێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕی بواری بیستن بکات کە پێی دەوترێت (Audiologist) بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین و دڵنیابوون لە تەندروستی.
-هەموو مناڵێکی چاکبووی شێرپەنجە لەکاتی هەستکردن بە گرفت لە بیستندا پێویستە بە زوترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی بواری بیستن بکات.
11.دروست بوونی گرفت لە چاو و لە بینیندا[Vision and eye problems]:
-ئەم جۆرانە لە چارەسەر دەبنە هۆی دروست بوونی گرفت بۆ چاو و بۆ بینین:
-چارەسەر بە دەرمانی ستیرۆیدەکان وەک ( Dexamethasone , Prednisone).
-چاندنی مۆخی سوری ئێسک.
-چارەسەر بە بڕێکی زۆر لە تیشک بۆ (سەر، چاو).
٭ ئەو گرفتانەش لە ئەنجامی ئەم چارەسەرانەدا دروست دەبن ئەمانەن:
-ئاوی سپی چاو و ناڕونی لە بینیندا.
-ووشک بونەوەی چاو.
-دروست بونی گرفتی تر کە کاردەکاتە سەر بینین.
٭پێویستە دوای وەرگرتنی ئەو چارەسەرەنەی کە ئاماژەی پێدراوە یاخود بوونی گرفت لە چاودا مناڵەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی چاو بکات کە بە (Ophthalmologist) ناودەبرێت.
٭بە هیوای سەلامەتی و تەندروست باشی بۆ نە خۆشەکان و گشت ئازیزانتان.
پزیشکی پسپۆڕی دەرمانساز
دکتۆر خۆشی حمید حمزە