12/07/2020
دەستلەکارکێشانەوە
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن دەستلەکارکێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش کرد.
سوپاس بۆ ئەوانەی لەوماوەیەدا پشتیوانی من و نەخۆشخانەی هیوایان کردووە
سوپاسی بێ کۆتایی بۆ هەموو دکتۆر و کارمەندە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانی شۆڕش کە خۆنەویستانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا پشتگیر و پشتیوان بوون و لەسەر حسابی ژیانی تایبەتی خۆیان خزمەتیان بەدوچاربوانی شێرپەنجە کردووە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکمان چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بین
لە ئەزمونی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی هیوا و خزمەتگوزاریەکانی شێرپەنجەدا زۆر هەوراز و دژواریمان بڕی بەڵام لەبەرئەوەی ژیانی نەخۆشەکانمان چەقی بیرکردنەوەی خۆم و هاوکارەکانم بوو، سەرئەنجام هیوا بووە نمرە یەکی عیراق و تەنانەت لەئاستی وڵاتانی پێشکەوتو.
بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عیراق چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجامدا کە سوپاس بۆ خوا سەدان نەخۆشی لەشێرپەنجە و سالاسیمیا چاککردوەتەوە و خەرجی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لەدەرەوەی وڵات بۆ خەڵک و حکومەت گەڕاندوەتەوە
ئەگەر روبەروبونەوەی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریەکانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا یەکجار سەخت بێت ئەوا لە هەرێمی کوردستاندا سەدان جار سەختتربووە، بەربەستەکان بێشوماربوون و لەژێر فشاری دەرونی هەزاران تراژیدیای ئینسانی و سنورداریی توانای خۆماڵی و ئاستەنگی جۆراوجۆردا شەو و رۆژ هەوڵماندەدا تاوەکو بەناوی (هیوا) بیرۆکەی نائومێدی لەم نیشتمانەماندا بسڕینەوە و دامەزراوەیەکی تەندروستی بین کە هیچی لەوڵاتانی پێشکەوتوو کەمتر نەبێت، هەر لە سەرەتاوە پلانی کورت مەودا و پلانی دوو ساڵە و پێنج ساڵەمان داڕشت و بەشی هەرەزۆری جێبەجێ کرا بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر ڕوەوە لەبارنیە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاتر و بەو هۆیەوە نامەوێت لەشوێنێکدا کاربکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم. دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم
داوای لێبوردن لەهەر نەخۆشێک ئەکەم لەوماوەیەدا کە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوابووم کەموکورتیەکی لەخزمەتگوزاریەکانمان بەدی کردبێت، بێگومان من و هەموو هاوکارەکانم بە چاوی خزم و کەسی خۆمان لەهەموو نەخۆشێکمان روانیوە بێ جیاوازی و هیچ کات ژوور و خزمەتی تایبەتمان بۆ هیچ کەسێک نەبووە لەناو نەخۆشخانەکەدا، ناچار نەبووین ئاستی خزمەتگوزاری بۆ کەسێکی دیاریکراو بەرزتر بکەینەوە چونکە هەر ئەوەشمان پێشکەش بە خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئەم وڵاتەکردوە
سوپاسی بێ کۆتام بۆ پزیشک و پەرستار و تاقیگە و کارگێڕی و هەموو بەشەکانی نەخۆشخانە کە گەوهەری نادیاری نیشتمانن
سوپاسم بۆ خەڵکی دڵسۆز و خێرخوای سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و راپەرین کە بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای قەیرانی داراییدا لە ئەوجی چالاکیەکانی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە لە نمونەی بازاڕی هیوا و چەندین چالاکی و هۆشیاریدا ئەم نەخۆشخانەیەیان گەشەپێدەدا و فراوانیان دەکرد تا لە سەنتەرێکی ٤٠ تەختیەوە بووە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی ١٨٠ تەختی
دوبارە سوپاس بۆ هەموو دڵسۆزانی هیوا کە لەبەر زۆری ژمارەیان لێرەدا ناوم نەبردوون.
د. دۆستی نجاة عثمان