22/11/2022
هیوایەک بۆ توشبوانی نەخۆشی شەکرە
دوو جۆری سەرەکی نەخۆشی شەکرە هەیە ئەویش جۆری یەک و جۆری دووە،هەروەها جۆری کەشمان هەیە کە لە دەرفەتێکی تردا بۆتان ڕوون دەکەینەوە.
جۆری یەک ئەو شەکرەیە کە لە منداڵ و هەرزەکاردا ڕوو دەدات وە دەبێت دەرزی ئەنسولین وەربگرن هەتا لە ژیاندا بن.
هەرچی جۆری دووە لە تەمەنی سەروو ٤٥ ساڵەوە ڕوو دەدات، وە ئەم نەخۆشانە زۆربەیان قەڵەون وە یەکێکی تر لە ئەندامانی خێزانەکەی شەکرەی هەیە. وە دەتوانرێت بە چەند ڕێگایەک شەکرەیان کۆنترۆڵ بکرێت وەکو پارێز، وەرش، دابەزاندنی کێش، دەرمانی شەکرە، وە هەندێ جار پێویستیان بەدەرزی ئەنسۆلین دەبێت.
هەواڵە خۆشەکە بۆ تووشبوانی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکە، ئەویش بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە ڕێکخراوی شەکرەی ئەمەریکیی (ADA) یەوە پێمان گەیشتووە کە ئاژانسی خواردن و دەرمانی ئەمریکی (FDA) ڕەزامەندی داوە لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێکی بایۆلۆجی (Biological agent) بەناوی (Teplizumab) کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی قۆناغەکانی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک بەتایبەتی لەوانەی هێشتا نیشانەکانیان تێدا دەرنەکەوتووە. وەکو ئامەژەمان پێکرد تووشبوانی شەکرەی جۆری یەک دەبێت تا لە ژیاندا بن دەرزی ئەنسۆلین وەربگرن ، جا ئەگەر بتوانرێت بەم دەرمانە نیشانەکانی شەکرە و ماکە درێژ خایەنەکانی وە بەکارهێنانی دەرزی ئەنسۆلین بۆ چەند ساڵێک دوا بخات ،ئەمە بەدەست هێنانێکی زۆر گەورەیە نەک تەنها بۆ تووشبوانی نەخۆشی شەکرە بگرە بۆ خێزانەکانیشیان. ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویە بۆ کۆمەڵگای نەخۆشانی شەکرە.
بۆ زانیاری ,دەرمانە بایۆلۆجیەکان بۆ زۆر نەخۆشی درێژ خایەن بەکار دێت وەکو نەخۆشی ڕۆماتیزمی جوومگەکان وە چەندەها نەخۆشی تر.
د. زاگرۆس غفور داراغا
پسپۆری هەناوی و شەکرە 22.11.202