15/05/2026
🔻لە یادی مامۆستا شێخ حەمەئەمینی نیشتمانپەروەردا
🔻مامۆستا شیخ حەمەئەمین عەبابەیلێ ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی بارامئاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا سەردەمی شۆڕشی شیخ مەحمود بووە و خەڵکی عەبابەیلێ بەشداری شۆڕشیانکردوە، سوپای ئینگلیز گوندەکەی سوتاندوە و خەڵکەکەی ئاوارە بوون.
دوای ئاساییبونەوەی بارودۆخی کوردستان ماڵی شێخ حەمەئەمین دەگەڕێنەوە باشوری کوردستان و شیخ گەورە دەبێت و دەستبەخوێندن دەکات.
لە بەغدا خانەی مامۆستایان تەواودەکات و دەبێتە مامۆستا، لە گوڵپ و خورماڵ و هەلەبجە مامۆستایی دەکات.
کوردبوون و کوردایەتی کاریگەری لەسەر ژیانی دادەنێت، سەرەتا لە ریزەکانی حزبی هیوا، دواتر لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا توانا و دڵسۆزی خۆی لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا یەکدەخات.
لەبەر ئەوەی کەسێکی چالاک و دڵسۆز بوە، چەندان جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو کاتەی دەوڵەتی عێراقەوە دەستگیرکراوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلولدا یەکەم مەفرەزەی چەکداری لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان پێکدەهێنێت و لە هەورامان دەست بە خەباتی چەکداری دەکەن.
لە جیابونەوەی ساڵی ١٩٦٤ی پارتیدا، شیخ حەمەئەمین لەگەڵ باڵی مەکتەب سیاسی دەبێ، دوای ماوەیەک لە خەباتی چەکداری دوردەکەوێتەوە و لە دامودەزگاکانی کوردستاندا چەندان پۆستی ئیداری وەردەگرێت و بە سەرکەوتویی ئەرکەکانی بەڕێوەدەبات.
سەرەتا قائیمقامی قەزای هەڵەبجە بوە، بە چەندان ڕێگە خزمەتی خەڵکی هەڵەبجەی کردووە.
دوای ماوەیەک پۆستی قامقامی قەزای کەلاری
وەردەگرێت، ساڵی ١٩٧٤لە کاتی هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشی ئەیلولدا، قائمقامی قەزای چەمچەماڵ بوە، قەزاکە ڕادەستی شۆرشدەکات و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکات.
ماوەیەک سەرپەرشتی هێزی زمناکۆ دەکات، کاتێک حکومەتی کاتی کوردستان پێکدەهێنرێت، شێخ حەمەئەمین بە پاڕیزگاری کەرکوک دادەنرێت.
دوای شکست و پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلول شیخ حەمەئەمین دەگەڕێتەوە کوردستان، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دادەمەزرێ و خەباتی چەکداری دەستپێدەکاتەوە، شێخ حەمەئەمین پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی یەکێتییەوە دەکات و لە ناو شارەکانی کوردستان و بەغداد، درێژە بە خەباتی سیاسی نهێنی خۆیدەداتەوە.
ئەگەرچی لە شۆڕشی نویدا خۆی پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەوە نەکرد، بەلام سێ لە کچەکانی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسەکانی شۆرشدا هاوسەرگیری دەکەن و لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە تێکەڵی شۆڕش و بزاڤی کوردایەتی دەبن.
ملازم محمد شەوقی زاوای ساڵی ١٩٨٠شەهید دەبێ،کارەساتی کیمیابارانی هەلەبجە و ئەنفال،هەواڵی شەهید بونی زاویەکی تری( ڕاستدەرنەچوو)،فشاری زۆری خستە سەری تەندروستی شیخ حەمەئەمین، لە لایەکی تریشە سەرەرای ئەوەی ڕژێمی بەعس چەندان جار دەستگیری دەکەن، داوایلێدەکەن لەسەر تەلەفزیۆن قسەبکات کە کیمیابارانی هەلەبجە لە لایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە ، بەلام مامۆستا شیخ حەمەئەمین بەو داواییەی رژێمی بەعس رازینابێ، دوای ماوەیەک باری تەندروستی تێکدەچێت و لە بەرواری ١٦-٥-١٩٨٨ دا لە سلێمانی گیان لەدەستدەدات.
روحی شیخ حەمەئەمین و هەموو شەهیدانی کوردستان شادبێ وجێگەیان بەهەشت بێ.
🖊️ دکتۆر فایەق گوڵپی
١٥/٤/٢٠٢٦