29/04/2024
نەخۆشی پێ ی شەکرە (قدم السكري )
ئاڵۆزیەکی باوی نەخۆشی شەکرەیە لە ئەنجامی بەرزبوونی ڕێژەی شەکر لە خوێن بۆ ماوەیەی زۆڕ دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی پێ بە تایبەتی پەنجەی گەورەی پێیەکان.
ئەگەر بە تەواوی چارەسەر نەکرێت لەوانەیە تووشی ئاڵۆزی ترسناک ببێتەوە کە پێویست بکات بە بڕینەوەی لاق یان پێ لە ئەنجامی خراپتربوونی برینەکە و کۆنتڕۆلنەکردنی هەوکردنەکە و بڵاوبوونەوەی بۆ ئێسکەکان.
ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە خوێن بۆ قاچ و پێیەکان کەمتر دەروات بەهۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان یان نەخۆشی دەمارەکانی هەستی پێیەکان کە ئەمەش تووشی زیان دەکات و برین لە پێیەکانیان دروست دەکات.
هۆکارەکان :
١- پشتگوێخستنی چارەسەری شەکرە و جێبەجێ نەکردنی ڕێنماییەکانی پزیشکی پسپۆڕ سەبارەت بە دەرمان و سیستەمی خواردن.
٢-پیربوون ( کەسانی بە تەمەن زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بە برین لە پییەکان و نەخۆشی شەکرە چاکبوونەوەی ئەو برینانە دوادەخات).
نیشانەکان :
١- هەستکردن بە ئازار یان سڕبوون لە پێیەکان.
٢- دروستبوونی برین لە پێ یان پەنجەکانی پێ.
٣- هەوکردن و ئەستووربوونی پێ.
چارەسەر :
١- خاوێنکردنەوی برین و لابردنی هەموو شانە مردووەکانی دەوروبەری برینەکە تا دەگاتە شانە ئاساییەکان.
٢- تەعقیمکردن و داپۆشینی برینەکە.
٣- کەمکردنەوەی فشار لەسەر پێیەکان بە بەکارهێنانی شەقە یان کورسی بە تایە.
خۆپاراستن:
١- کۆنتڕۆلکردنی شەکرە لە خوێن بە بەکارهێنانی دەرمان و پابەندبوون بە ڕینماییەکانی پزیشک.
٢- لە پێکردنی پێڵاوی پزیشکی گونجاو و پاراستنی پێیەکان لە ساردی و گەرمی.
٣- زوو چارەسەرکردنی هەوکردنی برین و چاودێریکردنی بە تەواوەتی.
٤- وەرزشکردن بۆ هاندانی سوڕی خوێن لە پێیەکان.
دکتۆر
چیا محمد عزيز
پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی
General Surgeon جراح اختصاصي