12/03/2024
ئەی برای تەندروست
خوای گەورە هەمیشە دڵساغ و دڵخۆشت کا، برا گیان، تەندروستی فەزڵی خوایە، نیعمەتێکە بێبەرامبەر. بە فەردە، پوولی شوکرانە بژمێری، بارتەقای ئەو نیعمەتە نیە.
ڕزگار.. خۆ دەبینی لە دەورت چ ئازیز هەن پڕ لە ئازار، چەند دۆست کەوتوون بێدەست و دەردەدار، دەنگی چەند برادەر دەبیسی هەر نرکەیە و هاوار؟ چەند پەپوولە باڵشکاو و بێناز کەوتوون, بیمار؟ چەند خێزانی دڵشکستە بۆ دەرمانیش شک نابەن تاقە دینار؟
برای نەخۆش..
حیکمەتی خوایە، هەندێکمان دەبینە بەڵگە و نیشانە بۆ هەندێکی دیکەمان تا هەست بە وجوود بکەین و لەگەڵ خۆشی و ژانەکان و ژانرە ئینسانییەکان بژین.
خودا تەندروستی دروست دەکات.
لە نەخۆشیشدا، شیفا دروست دەکات.
هەر شتێ خودا قەڵەمی قەدەری پیا کێشا بێ، بە سینگی فرەوان و ورەی پۆڵایین و وزەی بەتین و ئیمانی دلین وەری گرە. بەخششە، پاداشتێکت بۆ سازە لە بەهەشت کەمتر نەبێ.
هەموو گیانت بکە بە هیوا، بەشکوم خودا بنێرێ بۆت شیفا، شیفایەک دواتر ئازارەکان وەک ختووکەی بەر سروەی سپێدە بچێتە یادگا.
برایانی جوانتر لە برا.. بە دڵ بۆتان دەکەم نزا، خودا شیفای هەمووتان بدا.
(ڕزگار شێروانی)