
01/08/2025
ئەمڕۆ، یەکی مانگی ئاب (ئۆگێست)، ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجەی سییەکانە.
تا ئەم ساتەش سەرەکیتریین هۆکاری مردن بە هۆی شێرپەنجە لە نێو هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە لە سەرتاسەری جیهان، شێرپەنجەی سییەکانە! واتا کوشندەتریین شێرپەنجەیە.
زۆربەی هەرەزۆری شێرپەنجەی سییەکان کاتێک دەستنیشان دەکرێت کە کەسی تووشبوو لە قۆناغی کۆتایی نەخۆشییەکەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە نەخۆش لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە هیچ نیشانەیەکی نییە یانیش نیشانەکانی تایبەت نین بە شێرپەنجەکە.
لە ئێستادا دوو سەرەکیتریین ڕێگە بۆ کەمتر کردنەوە و ڕێگرییکردن لە تووشبوونی شێرپەنجەی سییەکان بریتیین لە:
یەکەم/ دوور کەوتنەوە لە کێشانی تووتن و جگەرە و ژینگەپارێزیی.
دووەم/ سیستەمی سکرینینگ یان دەستنیشانکردنی پێشیینە:
لەم چەند ساڵەی دوایی، کۆمەڵە پزیشکییەکانی سنگ و سییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، دوای چەند توێژینەوەیەکی تۆکمە لەسەر بابەتی دەستنیشانکردنی پێشینە یان پێشوەختی شێرپەنجەی سییەکان، چەند ڕێکارێکی نوێیان ئاماژە پێدا و دوای ئەوە بوو بە ڕێکارێکی کلینیکیی پزیشکیی بۆ (سکرین) کردن یان دەستنیشانکردنی پێشینە بۆ شێرپەنجەی سییەکان.
دەستنیشانکردنی پێشینە بۆ شێرپەنجەی سییەکان چۆن و بۆ کێ بکرێت؟
وەڵام/
لە ڕێگەی تیشکی سی تی سکان یان (مفراز) CT scn ەوە دەبێت، بە جۆرێک کە ڕێژەیەکی کەم لە تیشکەکە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ماک و لێکەوتەکانی تیشکەکە لە داهاتوودا.
کێ پێویستە بیکات؟ هەموو جگەرە کێشێک پێویستە بیکات؟
وەڵام/ نەخێر، بۆ هەموو جگەرە کێشێک ناشێت، تەنها ئەم گرووپە دەگرێتەوە:
یەکەم/ دەبێت تەمەنی کەسەکە لە نێوان (٥٠ بۆ ٨٠ ساڵ) بێت، تەمەن لەم ڕێژەیە کەمتر و زیاتر ناگرێتەوە.
دووەم/ بەلایەنی کەم ڕۆژانە بیست جگەرەی کێشابێت بۆ ماوەی بیست ساڵ یان زیاتر، یان ڕۆژانە چل جگەرەی کێشابێت بۆ ماوەی ١٠ ساڵ یان زیاتر.
سێیەم/ یان ئەو کەسانەی گروپەکەی سەرەوە ئێستا وازیان لە جگەرە كێشان هێناوە بەڵام ماوەی وازهێنانەکە کەمترە لە ١٥ ساڵ ئەوا دەیانگرێتەوە، ئەگەر ١٥ ساڵ زیاتر بێت وازهێنانەکە، نایانگرێتەوە.
چوارەم/ کەسەکە نابێت هیچ نیشانەیەكی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکانی هەبێت.
ئایا سوودی چییە ئەم دەستنیشانکردنە پێشینەیەی شێرپەنجەی سییەکان؟
وەڵام/
دەتوانین بەم ڕێگەیە بەشێکی بەرچاوی نەخۆشییەکە لە قۆناغەکانی سەرەتایی دەستنیشان بکەین، ئەو کاتە چارەسەر ئاسان و گونجاوتر دەبێت و دەشێ ژیانی کەسی تووشبوو بۆ ماوەیەکی بەرچاو درێژبکرێتەوە.
هیوای سەلامەتیی بۆ هەموو لایەک.
د.زانا دزەیی
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو
پسپۆڕی تایبەتمەندی نەخۆشیی سییەکان و ڕێرەوی هەناسە.