Zanyari Tandrusti

Zanyari Tandrusti ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ زانیاری ته‌ندروستی لەلایەن ( غازی ڕۆژبەیانی ) وە بەڕێوە دەچێت

قەستەرەی دڵ چییە؟قەستەرەی دڵ (بە ئینگلیزی: Heart Catheterization، بە عەرەبی: قسطرة القلب) بریتییە لە پرۆسەیەکی پزیشکی کە...
21/06/2025

قەستەرەی دڵ چییە؟
قەستەرەی دڵ (بە ئینگلیزی: Heart Catheterization، بە عەرەبی: قسطرة القلب) بریتییە لە پرۆسەیەکی پزیشکی کە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشیی دڵ. ڕێگە بە پزیشکەکان دەدات لە نزیکەوە چاودێری دڵ بکەن بۆ دیاریکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و نەشتەرگەری تر. لەوانەیە پزیشک پێشنیاری قەستەرەی دڵ بکات بۆ دۆزینەوەی هۆکاری نیشانەکانی وەک ئازاری سنگ یان لێدانی ناڕێکی دڵ. پێش نەشتەرگەرییەکە، لەوانەیە پێویستت بە تاقیکردنەوەی دەستنیشانکردن هەبێت، وەک پشکنینی خوێن لەوانە پشکنینی گورچیلە و پشکنینی ڤایرۆسی، پشکنینی وێنەیی دڵ، یان پشکنینی سترێس، بۆ زانینی باش کارکردنی دڵ و گورچیلە، بۆ یارمەتیدان لە ڕێنماییکردنی پرۆسەکە.
ئەم کردارە پشکنینێکە کە بۆ زانینی چۆنیەتی ڕۆشتنی خوێن بە خوێنبەرەکانی دڵدا و زانینیی هەر تەسکبوونەوە و گیرانێکی بۆرییە خوێنبەرەکانی دڵ، لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانرێت بۆ چارەسەریش بەکاربێت. واتا قەستەرە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و چارەسەرکردنی هەندێک حاڵەت دەبێت، ماوەی کرداری قەستەرە بەپێی نەخۆش و بارودۆخی دەگۆڕێت دەکرێت ٣٠-٦٠ خولەک بخایەنێت.
لە قەستەرە لە ڕێگەی بۆرییەکی پلاستیکی نەرمی ناوبۆشەوە کە دەبرێت بۆ دڵ ماددەیەکی (بۆیە) ڕەنگداری درەوشاوەی تایبەت لە ڕێگەی خوێنبەرەکانی دەست یان قاچەوە دەکرێتە ناو لەش و بۆ دڵ دەچێت و لە ڕێگەی ئەشیعەوە کە بەبەردەوامی لە نەخۆشەکەی دەدات بە درێژایی ماوەی قەستەرەکە، پزیشکەکە دەتوانێت بۆرییە خوێنبەرەکان و هەر تەسکبوونەوە و کێشەی دڵ ببینێت بە ئاسانی بەهۆی ئەشیعەکەوە، کە پێویستە ئەو شوێنەی بۆرییەکەی لێدەبرێتە ژوورەوە بەنجی ناوچەیی (مەوزعی) بکرێت و پاکژبکرێتەوە.
کێن ئەو کەسانەی قەستەرە و ڕەنگکردنی بۆرییەکانی دڵیان بۆ دەکرێت
کەسێک یەکەم جاری بێت توشیی سنگە کوژێ بووبێت.
کاتێک ئازارێکی زۆر توندی سنگی هەبێت.
کەسێک توشیی تەسکبوونەوەی شا خوێنبەر بووبێت.
کاتێک لە پشکنینەکانیدا ئەنجامی نائاسایی هەبێت.
کاتێک نەخۆشێک نەشتەگەری دڵی بۆ بکرێت و کێشە لە خوێنبەری کۆرۆنەری هەبێت.
کەسێک جەڵدەی دڵ لێیدابێت.
کاتێک نەخۆشەکە تووشی پەکەوتنی دڵ هاتبیت.
لە کاتی قەستەرەدا پزیشک لە هەمان کاتدا دەتوانێت چەند بەشێکی تری گرنگ ئەنجام بدات ئەگەر پێویست بن وەکو:
فراوانکردنی خوێنبەرەکانی دڵ کاتێک تەسک بووبنەوە بە دانانی شەبەکە یاخود باڵۆن یان بە بێ ئەوانە.
چارەسەرکردنی نارێکی لێدانی دڵ بە میکانیزمی ووزەی گەرمی یاخود سارد.
داخستنی هەر کونێک لە دڵدا دروست بووبێت وەکو لە کاتی زگماکی هەبوو بێت.
چاککردنەوە و گۆڕینی زمانەکانی دڵ
فراوانکردنی بۆشایی نێوان زمانەکانی دڵ کاتێک تەسک بووبنەوە.
پشکنینی ئاستی ئۆکسجین و پەستانی خوێن لە ناوچەکانی دڵ.
چۆنیەتی ئامادە کردنی نەخۆش بۆ قەستەرە
هیچ مەخۆ و مەخۆرەوە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر پێش تاقیکردنەوەکەت، یان وەک پزیشکەکەت ڕێنمایی دەکات. هەبوونی خۆراک یان شلە لە گەدەدا دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە ئاڵۆزییەکانی بێهۆشکردن زیاد بکات. لە پزیشک یان پەرستارەکەت بپرسە ئایا پێویستە دەرمانەکانت بە بڕێکی کەم ئاو وەربگریت. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، داوای ڕێنمایی بکە دەربارەی دەرمانی شەکرە و ئەنسۆلین، چونکە ڕەنگێکی تایبەت کە بەکاردێت لە کاتی کردارەکەدا دەتوانێت مەترسی کاریگەری لاوەکی هەندێک لە دەرمانەکانی شەکرە زیاد بکات، لەوانە مێتفۆرمین.
پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت، وەک پشکنینی بۆ خەپلەکانی خوێن، پشکنینی مەیینی خوێن و کاتی مەیین (PT&PTT).
ڕاگرتنی ئەو دەرمانانەی کە خوێن شل دەکەنەوە.
ڕوونکردنەوە و باسکردنی قەستەرەکە کە چۆن بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدرێت.
مەترسیەکانی قەستەرە
بەشێوەیەکی گشتی قەستەرە ڕێگەیەکی زۆر باش و سەرکەوتووە بەڵام هیچ شتێکیش بێ کێشە نابێت، لە ٥٠٠ کەس ١ کەس یان لە ١٠٠٠ کەس ١ کەس ئەگەری تووشبوونی بە کێشەکانی قەستەرە هەیە، لەوانە:
ناڕێکبوونی لێدانی دڵ
برینداربوونی خوێنبەرەکە
دابەزینی پەستانی خوێن
تووشبوون بە هەوکردن
تووشبوون بە جەڵدەی مێشک
جەڵدەی دڵ
کۆبوونەوەی شلە زۆربەی کات خوێن لەناو پەردەی چواردەوری دڵ.
خوێنبەربوون و ئازار
هەستیاری بە ماددە ڕەنگدارەکە و دەرمانەکانی تر.
بۆیە ڕەنگدارەکە لەوەیە ببێتە هۆی کێشە لە گورچیلەکان لەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەیان هەیە یان پێشتر تووشی نەخۆشیی و تێکچوونەکانی گورچیلە بوون.
2025-6-21
Ghazi Apo
http://twitter.com/ghazi.rojbeyani
https://www.facebook.com/ghazi.rojbeyani

( لەکارکەوتنی گورچیلە )لەکارکەوتنی گورچیلە (بە عەرەبی: الفشل الكلوي، بە ئینگلیزی: Renal failure)، هەندێک جار گورچیلەکان ...
16/03/2024

( لەکارکەوتنی گورچیلە )
لەکارکەوتنی گورچیلە (بە عەرەبی: الفشل الكلوي، بە ئینگلیزی: Renal failure)، هەندێک جار گورچیلەکان توانای پاڵاوتن و پاککردنەوەی خوێنیان نامێنێت و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی پاشماوەکان. ئەمەش بە لەکارکەوتنی گورچیلە یان (سستبوونی گورچیلە) ناسراوە. ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردن.

گورچیلەکان چیین؟
گورچیلەکان دوو ئەندامی شێوە فاسۆلیان کە قەبارەی هەر یەکێکیان نزیکەی مشتێکە. دەکەوێتە خوارەوەی پەراسوو لە هەردوو لای بڕبڕەی پشت. گورچیلەیەکی تەندروست خوێن دەپاڵێوێت و پاشماوەکان لە ڕێگەی میزەوە دەکاتە دەرەوەی لەش. هەروەها ڕێژەی هەندێک توخم (وەک سۆدیۆم، پۆتاسیۆم و کالیسیۆم) لە خوێندا هاوسەنگ دەکەن، جگە لەوەش هۆرمۆن دروست دەکەن کە کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێن و خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەکەن.

لەکارکەوتنی گورچیلە چییە؟
زۆرجار پێش ئەوەی گورچیلە لەکار بکەوێت، کەسەکە تووشی "نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە" (CKD) دەبێت. لەکارکەوتنی گورچیلە کاتێک ڕوودەدات کە گورچیلەکان وەک پێویست کارناکەن، تا ئەو ڕادەیەی گورچیلە پێویستی بە گۆرین دەبێ، ئەمەش دەتوانرێت بە جۆرە جیاوازەکانی شۆردنی گورچیلە یان بە چاندنی گورچیلە ئەنجام بدرێت. چەندین هۆکار لە پشت لەکارکەوتنی گورچیلەوە هەن، کە بریتین لە:

١- گورچیلە ئەوەندە خوێن بەدەست ناهێنێت کە بیپاڵێوێت

٢- زیانگەشتن بە گورچیلە بەهۆی هەندێ نەخۆشی وەک:

نەخۆشی شەکرە
بەرزە پەستانی خوێن
گڵۆمێرولۆنێفرایتیس (زیانگەشتن بە فلتەرە بچووکەکانی گورچیلە)
کیسی گورچیلە
٣- گیرانی گورچیلە بەهۆی بەردی گورچیلە یان برینداربوونی شانەکان (گیرانی یەک گورچیلە بەزۆری نابێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان چونکە گورچیلەکەی تر کاریگەری لەسەر نابێت، بەڵام گیرانی هەردوو گورچیلەکە دەتوانێت ببێتە هۆی حاڵەتێکی فریاگوزاری).

نیشانەکانی لەکارکەوتنی گورچیلە
زۆرجار نیشانەکانی CKD سووکن، لەوانەیە زۆر کەس توانای کارکردنی گورچیلەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوبێتەوە و ئاگاداری ئەوە نەبن. نیشانەکانی لەکارکەوتنی گورچیلە دەکرێت جیاواز بن بە پشتبەستن بە توندی، خێرایی و هۆکاری لەکاکەوتنی گورچیلە. دوو جۆری سەرەکی لەکارکەوتنی گورچیلە هەیە:

کورتخایەن (لەناکاو)
درێژخایەن (بە تێپەڕبوونی کات)
لەکارکەوتنی کورتخایەنی گورچیلە
لەکارکەوتنی کورتخایەنی گورچیلە زیاتر بە "برینداربوونی کورتخایەنی گورچیلە (AKI)" ناسراوە، کاتێک ڕوودەدات کە گورچیلەکان لە پڕ دەوەستن لە پاڵاوتنی خوێن. نیشانەکانی لەکارکەوتنی کورتخایەنی گورچیلە بریتین لە:

ئاوسانی دەموچاو، دەست و قاچ (edema)
خوێن بەربوونی ناوەکی
شپرزەیی
بورانەوە
ئەنجامی نائاسایی پشکنینی خوێن و میز
بەرزە پەستانی خوێن
نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە CKD
نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (پێشتر بە سستبوونی درێژخایەنی گورچیلە ناسرابوو – CRF)، ئەم نەخۆشییە بە هێواشی دروست دەبێت و زۆر بە کەمی نیشانەکانی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەدەردەکەوێت. نەخۆشێکی تووشبوو بە CKD لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەبێت تاوەکو ئاستی کارکردنی گورچیلەی دادەبەزێت بۆ ٢٠٪ یان کەمتر. لەم قۆناغەدا دەکرێت ئەم نیشانانە دەربکەون:

ئەنجامی نائاسایی پشکنینی خوێن و میز
بەرزە پەستانی خوێن
دابەزینی کێش بەبێ هۆکار
کەمی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (کەمخوێنی)
هێڵنج
ڕشانەوە
هەستکردن بە تامی کانزا لە دەمدا
لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
هەناسەتەنگی
مێروولەکردن یان سربوون
شپرزەیی
بورانەوە
شینبوونەوە بە ئاسانی
خوران
ماندوێتی
چرچ و لۆچی ماسولکەکان و گرژبوون
لاوازبوونی ئێسک کە بە ئاسانی دەشکێن
خوران
ئاوسانی دەست، قاچ و دەموچاو (edema)
کێشەی خەوتن
هۆکارەکان
١- هەوکردنی کورتخایەنی گورچیلە (AKI) زۆرترین ئەگەری ڕوودانی هەیە لەگەڵ:

کەمی ڕۆیشتنی خوێن (وەک دوای نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز یان ڕووداوێک)
ئاوسانی گورچیلە (وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە دەرمانێک یان هەوکردن)
گیرانی لەناکاو (بۆ نموونە بەردی گورچیلە)
پەستانی خوێنی زۆر بەرز
لە کاتی هەبوونی AKI زۆرجار گورچیلە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی یان نزیک لە ئاسایی دوای چارەسەرکردنی هۆکارەکەی.

٢- نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD) بریتییە لە لەدەستدانی هەمیشەیی توانای کارکردنی گورچیلە. باوترین هۆکارەکانی بریتین لە:

بەرزە پەستانی خوێن
هەوکردنی درێژخایەنی گڵۆمێرولۆنێفرایتیس (تێکچوونی گورچیلە)
نەخۆشی شەکرە
کیسی گورچیلە
گیرانی بۆری میز
دەستنیشانکردن
بە گشتی کارکردنی گورچیلە بەپێی ئاستی پاڵاوتن دیاریدەکرێت. پاڵاوتنی خوێن بە مولوولە خوێنەکانی ناو گورچیلە کە پێیان دەوترێت "گڵۆمێرولای" ئەنجام دەدرێت. کەواتە تێکڕای کارکردنی گورچیلە پێی دەوترێت "ڕێژەی پاڵاوتنی گڵۆمێرولار" (GFR)، کە بە قەبارەی خوێنی فلتەرکراو لە خولەکێکدا (ملیلیتر/خولەک) دەپێورێت. ڕێژەی ئاسایی نزیکەی ١٠٠ ملیلیترە لە خولەکێکدا، بەڵام بەپێی تەمەن و ڕەگەز دەگۆڕێت. دەتوانرێت GFR بە (eGFR) بخەمڵێندرێت بە بەکارهێنانی فۆرمولە بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن، ڕەگەز و پشکنینی خوێن.

زۆرجار لەکارکەوتنی گورچیلە کاتێک پێی دەزانرێت کە ئاستی کریاتینین بەرز بێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی کارکردنی گورچیلە. کریاتینین لەلایەن ماسولکەکانەوە دروست دەکرێت. گورچیلەیەکی ئاسایی کریاتینین لە خوێن لادەبات و لە ڕێگەی میزەوە دەیکاتە دەرەوەی لەش. زیادبوونی کریاتینین لە خوێندا نیشانەیە بۆ ئەوەی گورچیلە وەک پێویست خوێن پاک ناکاتەوە. بەهۆی ئەم پشکنینەوە دەتوانرێت کێشەکانی گورچیلە دیاری بکرێت پێش ئەوەی نەخۆشەکە بارودۆخی خراپ ببێت.

پشکنینی خوێن: پشکنینی خوێن دەریدەخات کە گورچیلەکانت چەندە بە باشی پاشماوەکانی خوێن دەکەنە دەرەوەی لەش وەک کریاتینین.
پشکنینی میز: پشکنینی میز پێکهاتەی تایبەت لە میزدا دەپێوێت، وەک پرۆتین یان خوێن.
سۆنەر، MRI و CT urogram ڕێگە بە پزیشک دەدات سەیری گورچیلەکانت و ناوچەکانی دەوروبەری بکات بۆ دەستنیشانکردنی گیرانی گورچیلە یان هەر کێشەیەکی تر.
چارەسەرکردن
چارەسەری سستبوونی گورچیلە بەندە بە هۆکار و ڕاد....
2024.3.16
GHAZI APO

http://twitter.com/ghazi.rojbeyani
https://www.facebook.com/ghazi.rojbeyani

سڕبوونی دەستەکان -----------------------------بریتییە لە حاڵەتی لەدەستدانی توانای هەستکردن بە دەستەکان بۆ ماوەیەکی کەم، ...
05/06/2023

سڕبوونی دەستەکان
-----------------------------
بریتییە لە حاڵەتی لەدەستدانی توانای هەستکردن بە دەستەکان بۆ ماوەیەکی کەم، یان هەست کردن بە موچوڕک پێداهاتن یان سوتانەوەیان، دەکرێت لە دەستێک یان هەردوو دەستدا ڕووبدات، هۆکاری ڕوودانەکەشی بریتییە لە پەستان خستنە سەر یەکێک لە دەمارەکانی قۆڵ، یان بەهۆی هەندێک نەخۆشی کە کاردەکەنە سەر دەمارەکانی پەلەکان، وەکوو نەخۆشی شەکرە بە هەردوو جۆرەکەیەوە، کێشەکانی دڕکە پەتک و مێشک لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا.

هۆکارەکانی سڕبوونی دەستەکان
زۆربەی جار هۆکار سڕبوونی دەستەکان شتێکی سادەیە، وەکوو پەستان خستنە سەر یەکێک لە قۆڵەکان کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وروژمی خوێن بۆ دەستەکان، بەڵام هەندێک هۆکاری تر هەیە بۆ سڕبوونی دەستەکان وەکوو:

ژەمی ڤیتامین B لە جەستەدا: خێزانی ڤیتامین B چەندەها ڤیتامین لەخۆ دەگرێت وەکوو: ڤیتامین B6 و ڤیتامین B12 و جگە لەوانیش، بە گشتی خێزانی ڤیتامین B زۆر گرنگن بۆ تەندروستی لەش، وێڕای ئەوەی مرۆڤ ئەم ڤیتامینەی لە سیستمی خۆراکییەوە دەستدەکەوێت، بەڵام ئەو بڕە بەس نییە، بۆیە زۆربەی خەڵکی پێویستیان بەوەیە ڤیتامین B وەربگرن بۆ دەستکەوتنی بڕی پێویستی ڤیتامینەکە، ئەو کەسانەی زۆرترین ئەگەری توشبوونیان هەیە بە کەمی ڤیتامین B بریتین لە بەتەمەنەکان و سەوزەواتییەکان و ئاڵودەبووانی کهول و کەم خوێنی پیس (کوشندە).
پەنگخواردنەوەی شلەمەنییەکان: پەنگخواردنەوەی شلەکانی لەش دەبێتە هۆی ئاوسانی دەست و لاقەکان، کە دەبێتە هۆی لەئیش خستنی سوڕی خوێن لە لەشدا، هەروەها دەبێتە هۆی موچوڕک پێداهاتن و سڕی دەستەکان، پەنگخواردنەوەی شلەمەنییەکانیش بەهۆی خواردنی بڕێکی زۆری خوێوە دەبێت.
کۆنیشانی تونێلی مەچەک: کە ئەویش حاڵەتێکە ڕوودەدات بەهۆی پەستان خستنە سەر دەماری ناوەڕاست، یان بەهۆی دووبارەکردنەوەی هەمان جوڵە بۆ ماوەیەکی زۆر، وەکوو بەکارهێنانی تەختەکلیل بۆ ماوەیەکی زۆر، یان کاردکردن لەسەر ئامێرەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، یان تەنانەت نوستن لەسەر دەستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر.
تێکچوونی دەمارەکانی پەلەکان: کە ئەویش تێکچوونێکە توشی دەمارەکانی پەلەکان دەبێت بەهۆی هەندێک نەخۆشی وەکوو شەکرە، کە تێکچوونی ئەم دەمارە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەسکردن بە دەستەکان.
خۆپارێزی لە سڕبوونی دەستەکان
چەند ئامۆژگاری و خوویەک هەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەدا پەیڕەو دەکرێن بۆ کەمکردنەوە و خۆپارێزی لە سڕبوونی دەستەکان بە شێوەیەکی تایبەت و سڕبوونی جەستە بە شێوەیەکی گشتی، لە گرنگترینی ئەم ئامۆژگارییانەش بریتی لە:

خۆلادان لە جووڵەی دووبارەبووەوەی دەست و مەچەک.
خواردنی خۆراکی کەم چەوری و پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروستی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ و سەوزە و میوە.
پێویستی دەستکەوتنی بڕی پێویستی ڤیتامین D و ڤیتامین B، لە ڕێگەی خواردنی دەوڵەمەند بە ڤیتامین B12 و ڤیتامین D، یان خواردنی تەواوکاری خۆراکی.
ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی گونجاو بە شێوەیەکی ڕێکخراو، وەکوو ئەنجامدانی ٢ کاتژمێر و نیو لە ڕاهێنانی هاوسەنگ هەفتانە.
پارێزگاری لە کێشی نمونەیی لەش.
پەیڕوکردنی خشتەیەکی ڕێکخراو بۆ نوستن.
کەمکردنەوەی خواردنەوەی کهول و دەستبەرداربوون لە جگەرەکێشان.
کەمکردنەوە و خۆلادان لە توشبوون بە دوودڵی.
خۆلادان لە بەرکەوتنی تیشک.
چارەسەرکردنی ئازارەکانی پشت هەر لەگەڵ سەرهەڵدانیدا.
وەرگرتنی کوتاو لە کاتی خۆیدا.
دەستنیشانکردنی سڕبوونی دەستەکان
سڕبوون لە شەودا ڕوودەدات و کاریگەرییەکەی تا ڕۆژ دەمێنێتەوە، بەڵام لە ئەگەری ئەوەی بە درێژایی ڕۆژەکە بمێنێتەوە بێ ئەوەی کەم بکات، ئەمە ئاماژەیە بۆ هەبوونی هۆکارێک یان کێشەیەک لە لەشدا، هەروەها گرنگە سەردانی پزیشکی دەمار بکرێت، کە هەندێک پشکنینی پێویستی ئەنجام دەدات، لەگەڵ ئەنجامدانی وێنەگرتنی توێ توێ کردنی قوڕگ لەڕێگەی ئەشیعەی تەنوری، یان وێنەگرتن بە لەرینەوەی موگناتیسی، هەندێک جار گرنگە کە ئاگاداری توێژینەوە کارەباییەکانی دەمارەکانی پەلەکان بین لە ڕێگەی پسپۆڕێکی دەمارە ماسولکە: ئەویش لە ڕێگەی توێژینەوەکانی گەیاندنی دەماری(NCS) و کارۆموگناتیسی(EMG).

ئەگەر سڕبوون بە بێ چارەسەر جێ بهێڵرێت ڕەنگە تێکچوونێکی ئاسایی دەمار بگۆڕێت بۆ لەناوچوونی دەماری درێژخایەن، لەگەڵ موچوڕکە پیاهاتنی بەردەوام، لەدەستدانی ئەرکی ماسولکەکانی دەست و بارستەیان، لەگەڵ ئاگاداری لە دانانی دەستەکان لەکاتی نوستن، کە پێویستە بجوڵێنرێن و بە درێژایی کاتی نوستن بە درێژکراوەیی نەهێڵرێنەوە، هەروەها خۆلادان لە زۆر خواردنەوەی کهول، چونکە حاڵەتەکە قورستر دەکات، هەروەها لەبەر ئەوەی سڕبوونی دەستەکان بەهۆی نوستنەوە کارێکی ناخۆشە، بەڵام زیانی نییە، چونکە سڕبوون لە ئەنجامی پەستان کەوتنە سەر دەمارەکانی کەوەرە و زەند ڕوودەدات، هەروەها نیشانەکانی بە هەستان کە خەو نامێنن، بەڵام لە ئەگەری زۆر دووبارە بوونەوەی حاڵەتەکە و بەردەوامی نیشانەکانی لە کاتی ڕۆژدا، ئەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت......٢٠٢٣/٦/٥

Ghazi Apo
http://twitter.com/ghazi.rojbeyani
https://www.facebook.com/ghazi.rojbeyani
tiktok.com/

جەڵتەے مێشکبریتیە لەدەستدانێکی خێرای فرمانی مێشک لە ئەنجامی تێکچوون و ناڕێکی لەو لوولە ‌خوێنانەی کە خوێن بۆ مێشک دابین د...
29/08/2022

جەڵتەے مێشک

بریتیە لەدەستدانێکی خێرای فرمانی مێشک لە ئەنجامی تێکچوون و ناڕێکی لەو لوولە ‌خوێنانەی کە خوێن بۆ مێشک دابین دەکەن.
(نەچوونی خوێن بۆ شانەیەک لەھەر شوێنێکی لەشدا دەبێتە ھۆی مردنی ئەم شانەیە).
خانەکانی مێشک لەکارکردن دەوەستن دوایی نەبوونی ئۆکسجینی پێویست بە ماوەی ٦٠ – ٩٠ چرکە.
جەڵتەی دەماغ دووەمین ھۆی مردنە لەھەموو جیھاندا لەوانەیە ببێتە ھۆکاری سەرەکی مردن بەم زووانە، بەڵام سێیەمین ھۆی مردنە لە وڵاتانی خۆرئاوا (لە پاش نەخۆشی دڵ و شێر‌پەنجە).
لە ٩٥ % جەڵتەی دەماغ ڕوودەدات لەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ٤٥ ساڵ زیاترە، لەگەڵ ئەمەشدا جەڵتەی دەماغ ڕوودەدات لە ھەموو تەمەنێک.
مردن بە ھۆی جەڵتەی دەماغ زیاتردەبێت لەگەڵ زیاد بوونی تەمەن.
ڕوودانی جەڵتەی دەماغ لەپیاوان زیاترە وەک لە ژنان، بەڕێژەی ١.٢٥ جار، لەگەڵ ئەمەشدا لە ٦٠ % ئافرەتان دەمرن بەھۆی جەڵتەی دەماغەوە.
-
ھۆکارە مەترسیدارەکان بۆ ڕوودانی جەڵتەی دەماغ بریتین لە:
١. بەساڵاچوون.
٢. بەرزی پەستانی خوێن.
٣. نەخۆشی شەکرە.
٤. بەرزی کۆلیستڕۆڵ لەخوێندا.
٥. جگەرە کێشان.
٦. بەکارھێنانی دەرمانی دژی منداڵبوون (منع حمل) لە ئافرەتان.
-
نیشانەکانی جەڵتەی دەماغ:
نیشانەکانی جەڵتەی دەماغی زۆر بەخێرا دەردەکەون. نیشانەکانی جەڵتەی دەماغی دەوەستێتە سەر شوێنی زیان پێکەوتوو لە مێشکدا، بەمەش سروشت و توندی نیشانەکان جیاوازە.
لەوانەیە ببێتە ھۆی:
١. لەدەستدانی بیستن و بینین (بەشێک یان بەتەواوی) و تام و بۆن.
٢. لەدەستدانی توانای قسەکردن یان تێگەیشتن.
٣. لەدەستدانی ژاکرە.
٤. کەوتنی پێڵوی چاوەکان.
٥. بەرپەرچە کردارەکان کەم دەبنەوە.
٦. لاواز بوونی ماسولکەکانی لەش بەگشتی، دەم و چاو بەتایبەتی، کەم بوونەوەی ھەستیاری.
٧. لەدەست دانی ھاوسەنگی لەش.
٨. لاوازبوونی ماسولکەکانی مل، کە نەخۆش ناتوانێت ملی خۆی بسوڕێنێت.
٩. لەھۆش خۆچوون، ژانەسەر و ڕشانەوە.
-
خۆپاراستن لە جەڵتەی دەماغ:
لەبەر ئەوەی یەکێک لە ھۆیەکانی ڕوودانی جەڵتەی دەماغ بریتیە لە گیران و تەسک و ڕەقبوونی خوێنبەرەکانی مێشکە، بۆیە زۆر گرنگە مەترسی ڕوودانی نەخۆشیەکانی دڵ دیاری بکرێت.
یەکێک لەھەرە ھۆکارە مەترسیەکانی جەڵتەی دەماغ بریتیە لەبەرزی پەستانی خوێن کە دەتواندرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، ھۆکارە مەترسیدارەکانی تر بۆ جەڵتەی دەماغ کە دەتواندرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن بریتیین لە بەرزی ئاستی کۆلیستڕۆڵ لەخوێندا، نەخۆشی شەکرە، وەھەروەھا جگەرەکێشان.
-
بەرزی پەستانی خوێن:
بەرزی پەستانی خوێن لە ٣٥ % - ٥٠ % ھۆکارە مەترسیدارەکانی جەڵتەی دەماغ پێکدەھێنێت.
زۆرێک لە لێکۆلینەوەکان ئەمەیان سەلماندووە کە کەم کردنەوەی بەرزی پەستانی خوێن بەبرێکی کەمیش (٥ – ٦ ملم جیوە) دەبێتە ھۆی کەمکرەندوەی ڕوودانی جەڵتەی دەماغ بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر.
کەم کردنەوەی پەستانی خوێنیش بەھۆی دەرمان و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان دەبێت.
-
چەوری خوێن:
بەرزی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ لە خوێندا پەیوەندی ھەیە بەڕوودانی جەڵتەی دەماغ.
کەمکردنەوەوی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ لەخوێندا بەھۆی دەرمان و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان دەبێت.
-
نەخۆشی شەکرە:
ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان ھەیە، ٢ – ٣ جار زیاتر تووشی دەڵتەی دەماغ دەبن وەک لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان نیە.
-
خۆراک:
خۆراکی دەوڵەمەند بە کاربۆھیدارت و ڤیتامینەکان و کەم چەوەر (خۆراکی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی)، ڕێژەی ڕوودانی جەڵتەی دەماغ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەنەوە.
٢٠٢٢/٨/٢٩

Ghazi Apo
http://twitter.com/ghazi.rojbeyani
https://www.facebook.com/ghazi.rojbeyani

ئینزلاق چی یە ؟!ـــ ـــ ـ ـــ ـ ـــ ـ ـــ ـ ـــــــبریتی یە لە بڵاو بوونەوەو نەمانی خەپلەی ئیسفەنجی نێوان بڕبڕەکان کە بە...
17/06/2022

ئینزلاق چی یە ؟!
ـــ ـــ ـ ـــ ـ ـــ ـ ـــ ـ ـــــــ

بریتی یە لە بڵاو بوونەوەو نەمانی خەپلەی ئیسفەنجی نێوان بڕبڕەکان کە بە زۆری لە نێوان بڕبڕەی بێنجەم و خەپلەی دوای ئەودا ڕوودەدات یا خوود لە نێوان ھەردوو بڕبڕەیەکی تردا.

بێنج ھۆکاری سەرەکی تووش بوونی ئینزلاق !

١- تێکجوونی ئەندازەیی خەبلەکە وا دەکات بڕبڕەکە بەرەو بێشەوە بڕوات ئەمە زیاتر لە ئافرەتی دووکیان دا ڕوودەدات

٢- تێکجوون لە لێواری خەبلەکاندا ئەمەش دەبێتە ھۆی ھەڵوەشانی خەبلەکە ئەمە زیاتر لە کەسانی وەرزشکاردا ڕوودەدات

٣ تێکجوون و جیابوونەوەی بەشەکانی خەبلەی نێوان بڕبڕەکە ئەمەش بەھۆی بەتەمەن داجوونەوە

٤- بەرکەوتنێکی بەھێز کە بەر بڕبڕەکان دەکەوێت و کاردەکاتە سەر بڕبڕەو خەبلەکان

٥- ھۆکاری نەخۆشی ئێسک وەک شێرپەنجەی ئێسک و کەمی کالسیۆم و فیتامین (دی)

نیشانەکانی ئینزلاق ؟

*ئازار لەبەشی بشتەوەدا لە نیشانە ھەرە باوەکانە

*کاتێک نەخۆش بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر پێ دەبێت وا ھەست دەکات ئازارەکە بەرەو خوارەوە دەجێت و ئەمەش بەھۆی ئازاری زۆر لەسەر بڕبڕەکان

جارەسەر ئینزلاق ؟
بە خۆشحاڵیەوە لە زۆربەی کاتدا بێویست بە نەشتەرکەری ناکات بەڵکو تەنیا نەخۆش دەتوانێت بە بشوودان بۆ ماوەیەکی زۆر ،کەم کردنەوەی جەمانەوەو دەست نەدانە شتی قورس بەرەو باشتر بوون بجێت
خواردنی شیر و بەرھەکانی سوود دەگەیەنێت بە نەخۆشەکە

بەھێزکردن و جالاک کردنەوەی ماسوولکەکانی سک یارمەتی ئاسایی بوونەوەی ئەندازەی دڕکە بەتک و بڕبڕەکان دەدات

ئەوانەی ئازاریان زۆرە دەرمانی ئازار شکێن وەک (مۆبیک) ودزە ھەوەکان سوودی بۆیان ھەیە،بەڵام ئەکەر ئازارەکە زۆر بەھێز بوو کواسترایەوە بۆ بەشەکانی خوارەوە ئەوا دەرزی کۆرتیزۆن بە ڕێگەی نێوان بڕبڕەکان یا ھەندێ ڕێکەی تر سوودی بۆ نەخۆش ھەیە....
17-6-2022

Ghazi Apo
http://twitter.com/ghazi.rojbeyani
https://www.facebook.com/ghazi.rojbeyani

Address

Irbil

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Zanyari Tandrusti posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Share

Category