
25/07/2025
لەژێر ناوی زانست و چارەسەری سروشتی ئەنجامدانی سیحر و جادوو لەپاڵیدا
سیحر و جادووکردن لەژێر هەر ناوێک بکرێت و ئەنجام بدرێت کارێکی تەواو قێزەوون و بێشەرعی و نایاسایی و دوور لە ئاداب و کلتووری کۆمەڵایەتییە. لە سەردەمێکی وەکو ئەمڕۆدا کەسانێک پەیدا بوون، لەژێر ناوی (مەلا، مامۆستا، شێخ، سەید، دەروێش) بۆ پارەپەیداکردن و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکانێکی نەزان و ناحاڵی بەدین و ژین، بە ناوی چارەسەری پزیشکی و سروشتی و ڕۆحییەوە سیحر و جادوو دەکەن. بە ڕۆژی ڕووناک لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان ڕیکڵام دەکەن بە ناوی بەختگرتنەوە، ڕازیکردنی کچ و کوڕ بۆ هاوسەرگیریکردن و دەوڵەمەندبوون، وە لە ژیاندا چیت بەسەر دێت، چارەسەری دڵتەنگی و قەلەقی و ڕاڕایی و ... هتد.
ساحیرەکان لە ئێستادا بە ناوی دینەوە کارێک ناکەن، بەڵکو لەژێر ناوی چارەسەری سروشتی ڕۆحی و دەروونی و جەستەیی بانگەشە دەکەن و خەڵکانێکیش باوەڕیان پێ دەکەن و سەردانیان دەکەن، وە دوایی ساحیرەکان بە رێگەی تەلیسم و ڕەمز و کۆد نەخۆش کۆت و بەندی ژێر دەستی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەن بە مەرامە گڵاوەکانیان. بە تەنها جەستەی ژن و کچیان دەوێت و دەیانەوێت لەگەڵیاندا ڕابورێن و سێکس بکەن. ساحیرەکان کاتێک ژنێک یان کچێک سەردانیان دەکەن، داواکارییان هەیە لە ساحیرەکان بەوەی کە دەڵێت: من مێردەکەم خراپە لەگەڵم و تەبیعەتی زۆر ناخۆشە و جنێوم پێ دەدات و لێم ئەدا و ڕێزم ناگرێت، یان ژنەکە هەر نییەتێکی تری هەبێت بە ساحیرەکە دەڵێت تا بە سیحر بۆی جێبەجێ بکات. نموونە کە کچێک دەڵێت: کەس بەمن ڕازی نییە و هاوسەرگیرم بۆ ناکرێت و دڵم توندە و کوڕێکم بەدڵە، ئەو کوڕە منی بەدڵ نییە. تۆ دەتوانی کارێکم بۆ بکەیت داواکاریم بێت و ئەو کوڕە شێت و شەیدام بێت؟ ساحیر دەڵێت: ئاسانە و جێبەجێ دەبێت، بەڵام دەبێت لەسەر جەستەی تۆ هەندێ شت بنوسم. کە ئەمەش هەمووی تەلسیم و ڕەمز و کۆدی هانابردن و هاواکردنە بۆ جنۆکە و شەیتان، بە ناوی دوعا و نوشتە ژن یان کچەکە ڕازی دەبێت بەوەی ساحیر کاری خۆی بکات لەگەڵیاندا و پارەیەکی باشیان لێ وەدەگرێت. پێشیان دەڵێت دەبێت چەند جارێک بێنەوە لام تا کارەکەتان سەر دەگرێت!
ساحیرەکان زیرەکانتر لە مەیدانن. بە ناوی (وزەی ژیان، یۆگا، میزاجناسی، چارەسەری دەروونی و جەستەیی، بەرنامەی گۆڕینی شێوازی ژیانکردن بە تەندروستی) بانگەشە و ڕیکلام دەکەن و خەڵکانێک بەو ناوە فریودەدەن. ساحیری وا هەبووە بە ناوی دەرمانی گیایی و گژوگیایی پزیشکی، سیحری لە خەڵک کردووە و بەو ناوەوە پارەیەکی زۆری بەدەست هێناوە، یان بەناوی (وزەی ژیان)ەوە بە خەڵکی گوتووە من هێزت دەدەمێ، سەردانم بکە تۆ هێزت نەماوە دەبێت کارت لەسەر بکەم. نەخۆش ڕازی بووە و ساحیر هەڵیخەڵەتاندووە و سیحری لێ کردوە، یان وەرە شوێنمان دەبێت هەفتەی دوو ڕۆژ یۆگا بکەیت تا باش دەبیتەوە، یان وەرە لەڕیگەی میزاجناسییەوە من دەزانم تۆ سروشتت چۆنە و دەبێت چۆن بژیت و چۆن هەڵسکەوت بکەیت و چەند بخۆیت و چۆن بخۆیتەوە!
ساحیرەکان لە ژێر ناوی زانست، چارەسەر، ئاین، پزیشک، بە هەزاران پەردە و پێچوپەناوە دێن بۆ نێو کۆمەڵگا و بانگەشەی پلان و فێڵ دەکەن و خەڵکانێک فریودەدەن و هەڵیاندەخەڵەتێنن. گەورەترین کارەساتی سیحر و جادوو ئەوەیە نەخۆش تووشی نەخۆشی سایکۆسۆماتیک دەبێت، نەخۆشی دەروون–جەستەیی. سەدان فەحسی تاقیگەیی دەکات و سەردانی سەدان پزیشک دەکات، ئەزانیش ناتوانن نەخۆشییەکەی دیاری بکەن، چونکە لە ڕووی ڕۆحییەوە نەخۆش کەوتووە.
ئامانج لە سیحر و جادوو چییە؟
١. زیانگەیاندن بە خەڵک و تێکدانی باری ڕۆحی و دەروونییان.
٢. بەدەستهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی کەسەکە بەتەواوتی.
٣. هەوڵی گۆرینی هەڵسکەوتی بە کرداری و بە قسەکردن، تا ڕووداو و کارەساتێک دروست ببێت بۆی تا دەگاتە حاڵەتی خۆکوشتن و شێتبوون.
نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی