23/03/2025
لەم سەکۆیەوە، لە پەیجی وشیاریی دەروونی، ڕەحمەت دەنێرین بۆ گیانی پزیشکی خوالێخۆشبوو (د. قەحتان) کە لەپای بەجێهێنانی ئەرکی خۆی وەکو پزیشکی ئێشکگر بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە لە پێناو خزمەتی نەخۆش وەفاتی کرد.
خوالێخۆشبوو نموونەیەکە لە دەیان و سەدان نموونەی پزیشکان، لە ئێستاو لە ڕابردوو کە ماندوونەناسانە ڕەنج و ماندوو بوون دەکێشن لە پێناو فەراهەم کردنی تەندروستی و سەلامەتی خەڵک و کۆمەڵگە.
وەکو بەرپرسیارێتییەکی بچووک و وەفاداری بۆ هەموو پزیشکە فریشتە ئاساو فریادڕەسەکانی کۆمەڵگەکەمان، لە کۆچکردوو و زیندووان ئەو پۆستە کرا.
مەنزڵگای خوالێخۆشبوو بەهەشت بێت و خوا سەبووریی خانەوادەی و هاوپیشەکانی و هەموومان بداتەوە.
تێبینی: وێنەکە— چەند مانگێک پێش وەفاتیەتی، شوێن فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕاپەرینی منداڵانە. لە وێنەکەدا دکتۆر قەحتان نەخۆشێکی منداڵی لە باوەشەو خەریکە فایلی بۆ پڕ دەکاتەوە. هاوڕێیەکی پزیشکی خۆی بێ ئەوەی ئەو هەست بکا یان داوا بکا، ئەو وێنەیەی گرتووە، وەکو ئەوەی وەک شایەتحاڵێک بمێنێتەوە کە ئەو ئەمانەتەکەی خۆی بە جوانترین شێوە بەجێگەیاند، کە کاری پیرۆزی پزیشکیە.