17/04/2021
مردن و تووشبوون بە کۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا!
مردن و تووشبوون بە کۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا!
--------------------
ئەو هەواڵە بەپەلانەی لەداهاتوو دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا
دەیبیستن لە میدیاکان.
--------------------------
٭ کەسێک چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ڤاکسینی کۆرۆنا (ئەسترازێنیکا یان فایزەر یان سینۆفارم)ی
وەرگرتبوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا!
٭ چەند کەسێک دوای وەرگرتنی ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا ئەمڕۆ تووشی کۆرۆنا بوون!
٭ کەسێک دوای وەرگرتنی هەردوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا ئەمڕۆ تووشی کۆرۆنا بووە.
ئەو هەواڵانەی سەرەوە چاوەڕوانکراون بۆ هەموو جۆرەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا کە ئێستا بەردەستن بەڵام لەبەرئەوەی لە کوردستان جارێ لەسەرەتای پرۆسەی کوتانین بۆیە جارێ ئەوهەواڵانەتان نەبیستووە. بۆیە ویستم بۆتان ڕوونبکەمەوە بۆ ئەوەی کە هەواڵی بەپەلەی لەوجۆرە بڵاوکرایەوە شۆک نەبن و لە وەرگرتنی ڤاکسی ساردمەبنەوە و و تووشی دڵەرڕوکێ مەبن.
تووشبوون بە کۆرۆنا دوای ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا و تەنانەت دوای ژەمی دووەمیش شتێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام ڕێژەکە زۆر زۆر کەمە و ئەگەر تووشی کۆرۆناش بیت زۆر بە سوکی دەیگری کە لەوانەیە پێویستت بە چارەسەر و نەخۆشخانەش نەبێت.
بۆیە ئەگەر کەسێک تووشی کۆرۆنابوو دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا مانای ئەوە نییە ڤاکسینەکە سوودی نەبووە.
دەربارەی مردن دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ( نەوەک بەهۆی ڤاکسینی کۆرۆنا)
بێگومان ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن کەسانێکن لەناو کۆمەڵگاکەمان دەژین و مردنیش شتێکی بەردەوامە لەناو کۆمەڵگا، بۆیە دەکرێت ئەوانەی دەمرن کەسانێک بن کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت بێئەوەی مردنەکەیان هیچ پەیوەندیەکی بە ڤاکسینەوە هەبێت.
بۆیە پێویست ناکات هەرچی مرد و پێشتر ڤاکسینی وەرگرتبێت هۆکاری مردنەکەی بیبەستینەوە بە ڤاکسینەکەوە.
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مردن و تووشبوون بە کۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ئەگەر سوید بەنموونە وەرگرین:
- لە سوید 882,000 کەس ڤاکسنی Pfizer یان وەرگرتووە 145 کەس لەو ژمارەیە دوای وەرگرتنی ڤاکسین مردوون.
- وە 298,000 کەس ڤاکسینی Astra zeneca یان وەرگرتووە
7 کەس لەو ژمارەیە دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە مردوون.
- وە 127,000 کەس ڤاکسینی Moderna یان وەرگرتووە لەو ژمارەیە 9 کەس دوای وەرگرتنی ڤاکسین مردوون.
٭هۆکاری مردنەکان هیچ پەیوەندییەکی بە کاریگەریی ڤاکسینەکان نیە، واتە بە هۆکاری دیکە مردوون.
دەربارەی تووشبوون بە کۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاکسین
لە سوید زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە و نزیکە ٤٣٠٫٠٠٠ کەس
هەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە لەو ژمارەیە بینراوە کە ٦٠٠٠ کەس دوای ژەمی یەکەم تووشی کۆرۆنا بوون کە ٤٠٠٠ کەسیان لەماوەی دوو هەفتەی یەکەمی دوای وەرگرتنی ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکە بوون، واتە پێش ئەوەی لەش بەرگری پەیدابکات.
وە تەنها ٢٠٠ کەس دوای دووهەفتە لە وەرگرتنی هەردوو ژەمەکە تووشی کۆرۆنا بوون. کە ئەوەش دەکاتە رێژەی ٠٫٠٦ لەوانەی هەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
بەکوردی و بە کورتی دەکرێت تووشی کۆرۆنا ببی دوای وەرگرتنی ڤاکسینیش بەڵام ڕێژەکە زۆر کەمە . وە ئەوانەی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە دەکرێ بمرن وەک هەرکەسێکی تر.
بۆیە هەر کەسێک مرد و پێشتر ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتبوو پێویست ناکات هۆکاری مردنەکەی بە ڤاکسینەکەوە ببەستەوە.
-------------------------------------------
د. عەلی ئیسماعیل جەمیل
پزیشکی هەناو - سوید
------------------------------------------
تایبەت بە مێدیار