
25/05/2020
برانكۆ باربا پزیشكی نەشتەرگەری ئێسك ڕێنمایی دەدات بەوەی بۆ دووركەوتنەوە لە ئازاری پشت پێویستە بەیانیان چای سەوز بخورێتەوە .
بەگوێرەی رۆژنامەی "ئێكسپرێس"ی بەریتانی، چای سەوز لە چای ئاسایی ماددەی دژە ئۆكسێنەكانی زیاتر تێدایە، كە ئەو ماددەیەش لە جەستە لە نەخۆشییەكان دەپارێزێت و ئەو هەوكردنانە كەمدەكاتەوە، كە دەبنە هۆی درووستبوونی ئازاری بەشی خوارەوەی پشت لای هەندێك كەس .
باربا وتی: وەك چۆن هەندێك خواردن هەیە ئازاری پشت زیاتر دەكەن بەهەمان شێوە خواردن هەیە ئازارەكەی سووك دەكات.
ئەو باسی لەوەش كردووە، چای سەوز جگە لە سوودە تەندروستییەكانی، ئەو كافاینە بۆ جەستە دابین دەكات كە دژە هەوكردنە.
بەوپێیەی چای سەوز كێشی جەستە كەمدەكاتەوە، بۆیە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو بارەی بەسەر بڕبرەكانی پشتەوەیە و دواجار كەسەكە لەپشت ئێشە دەپارێزێت .
لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆڕانی بواری تەندروستی بڕبرەكانی پشت، ڕێنمایی دەدەن بەوەی لەكاتی نانخواردندا نابێت بەیەك جار بڕێكی زۆر خواردن بخورێت لەبەر ئەوە دەبێتە هۆی درووستبوونی ئازاری پشت .
وەرگێڕان : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی