18/05/2025
کۆتایی قۆناغێکی سەخت و دژوار بە ئەنجامێکی ئارام بەخش و دڵخۆشکەر!!
هەمیشە سوپاس گوزاری خوای گەورەم!
دروست پێنج ساڵ بەر لەئێستا، خوای گەورە دەرفەتی پێدام دەست بە خوێندنی باڵای پزیشکی بکەم لە (بۆردی عربی/ پسپۆڕی هەناو).
هەر ئەوکات هەستم بە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەکرد دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەی وەرگیران لە بۆردی عربی پشتیوان بەخوای گەورە پلەی یەکەمم بەدەست هێنا لەکۆی پاڵێوراوان لە ئاستی عێراق.
ئیدی لەوکاتەوە، "خوێندن و هەوڵدان" کۆشش و فێربوونی زانست" بوون بە بەشێکی سەرەکی ژیانم سەرەڕای ئەرکە کۆمەڵایەتی و ئیداری و پیشەییەکانم.
دەرفەتەکانی شاڕێی زانست زیاتر بوون! بۆردی عربی لە ڕێگەی نوسراوی فەرمیەوە ڕێی پێداین هاوتەریب بخوێنین و ببین بە ڕاهێنراو لە بۆردی عێراقیش لە پسپۆڕی هەناو، باش دەمزانی ئەم هەنگاوە چەندە سەختەو دەمخاتە ژێرباری خوێندن و کۆشش و تاقیکردنەوەی دوو هێندە و سێ هێندە، بەڵام دڵم بەوە ئاوی دەخواردەوە( ئێ خۆ فێربوونی زانستی پزیشکی خۆی لەخۆی دا ڕێیەکی ڕاست و دروست و پیرۆزە)
بەرمەبنای ئەو لۆژیکەی هەم بوو بۆ زانستی پزیشکی، خۆم خستە ژێرباری تاقیکردنەوەکانی بەدەستهێنانی دبلۆمی باڵای هەناوی لە کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی بەریتانیا!
ئیدی، ڕۆژ و هەفتەو مانگ و ساڵەکان تێپەڕین!
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ، سوپاس و ستایشی بێ پایان بۆ خوای گەورە کە لەشساغی پێ بەخشیم و گەیشتمە کۆتایی قۆناغەکە، کە ئەنجامەکانی بریتی بوو لە:
**بەدەستهێنانی (بڕوانامەی بۆردی عربی/دکتۆرا لە پسپۆڕی هەناو) بە پلەی" یەکەم" لە ئاستی وڵاتانی عربی
**بەدەست هێنانی (بڕوانامەی بۆردی عێراقی/ دکتۆرا لە پسپۆڕی هەناو) بە پلەی" دووەم" لە ئاستی عێراق
**تەواوکردنی بەشی یەکەم و دووەمی تاقیکردنەوەی بوون بە ئەندامبوون لە کۆلێژی شاهانەی بەریتانی
MRCP
گشت سەرکەوتنەکانی ژیانم بە فەزڵ و میهرەبانی خوای گەورەی دەزانم، هاوکات فەلسەفەی هەوڵدان لەژیانی من ئەمە بووە( باشترین هەوڵی خۆم دەدەم، خوای گەورە هەر ئەنجامێک ببەخشێت! بێ شک خێری تێدایە، مەگەر بەس خودا خۆی بزانێت ئاستەنگ و هیلاکی و شەکەتبوونی ئەم پێنج ساڵە چۆن تێپەڕین!)
ئەم ئەنجامە دەکەمە دیاری بۆ باوکی خۆشەویست و خوالێخۆشبووم، سوپاس گوزاری بێ پایان دەردەبڕم بۆ دایکە میهرەبان و ماندوونەناسەکەم، دەستی پڕ لە دوعاو پاڕانەوەی ماچ دەکەم.
سەرکەوتنەکانم موڵکی من نین! موڵکی ئەوانەن کە بەدرێژایی ڕێگاکە لە پشتم بوون و هاوکارم بوون.
سوپاس بۆ هاوسەری ئازیزم کە بەوپەڕی تێگەیشتنەوە سەرەڕای خوێندنی خۆی هەمیشە هاوکار و پاڵپشتم بوو.
سوپاس بۆ یەک بەیەکی ئەندامانی خانەوادەی خۆم و هاوسەرم کە بە هەموو ڕێگایەک هاوکارمان بوون، دەستی یەک بەیەکی خوشک و براکانم و ئەندامانی خانەوادەم ماچ دەکەم دەزانم چەندە دڵسۆز و خەمخۆر و پشوودرێژ بوون لەگەڵمان.
سوپاسی تایبەت بۆ مامۆستای خەمخۆر و دڵسۆزم (پڕۆفیسۆر کاک دکتۆر دەشتی البستانی) کە هەمیشە هانی دەدام بۆ هەوڵدان و خوێندن، سوپاس بۆ سەرۆکی بەشی هەناو و گشت پزیشکانی پسپۆڕی هەناو و پسپۆڕییە وردەکان لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کە بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە زانست و ئەزموونتان پێ بەخشین, سوپاس بۆ گشت مامۆستا بەڕێزەکانم بە درێژایی ژیانم لە گشت قۆناغەکانی خوێندن.
سوپاسی گشت هاوپیشەکانم و ئەو پزیشکە گەنج و پەرستارە بەڕێزانە دەکەم کە پێکەوە بە گیانی یەک تیمی خزمەتی نەخۆش کۆی کردبووینەوە لەم چەن ساڵە.
زۆر بوون ئەو خزم و هاوڕێ و ئەزیزانەی لە دڵەوە دوعای خێریان بۆ کردوین، سوپاسگوزاری هەرکەسێکم بە دوعایەکی خێر ئێمەی لەبیر بووبێت.
خوا یار و یاوەرمان بێت، دوای ئەم قۆناغە ئەو زانستەی خوای گەورە پێی بەخشیوین بە شێوەیەکی دروست و ڕاست بیخەینە خزمەت نەخۆش و کۆمەڵگەکەمان.
لەگەڵ ڕێزدا
هێرش