16/08/2025
سەرەتای مانگی ٦ ی ئەمساڵ بوو گەنجێکی ١٨ ساڵان هات بۆلام , زۆر شەکەت و ماندووبوو بەدەست ئازاری خوارەوەی پشتی ، نەیدەتوانی بەپێی خۆی بڕوات و دارشەقەی بەهەردوو دەستی گرتبوو بۆ ئەوەی پێی بڕوات:
ئەم حاڵەتە لەماوەی یەک دوو مانگدا وردە وردە پەرەی سەندبوو ، لەکاتێکدا کە چارەخوازەکەمان هیچ پێشینەیەکی نەخۆشی ڕۆماتیزمی نەبوو! چەند پرسیارێکمان لێی کرد : کە وەڵامەکانی بەم شێوەیە بوو :
1. هەبوونی ئازارێکی تووند لەخوارەوەی پشتی بە تایبەت لەهەردوو جومگەی سمتی ( sacroiliac joints)، هەرچەندە لەکاتی پشکنین لە لای چەپی ئازارەکەی تووندتر بوو
2. هێزی ماسولکەکانی زۆر کەمی کردبوو لەهەردوو لای ( بەتایبەت ماسولکەکانی ڕانی) .بەجۆڕێک نەیدەتوانی لەکاتی پاڵکەوتن هەستێتەوە بەبێ یارمەتی!
3. دابەزینی وەزن و کەم بوونەوەی ئارەزووی خواردن لەو ماوەیەدا
4. پێستی دەم و چاوی و لێوەکانی وشک ببوو.
5. جومگەکانی تری جەستەی وەکو ئەژنۆکانی و مەچەک و هەردوو ئانیشک و شانی باش بوون و جوڵەیان ئاسایی بوو.
ئەو پشکنینە خوێنانەی کە بۆمان ئەنجام دابوو ، ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوو:
1. هەوکردنی ماسولکەکانی حەوزی و جومگەی سمتی توش بوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی کەم بوونەوەی هێزی ماسولکەکانی هەمان شوێن .
2. بەرزبوونەوەی ئەنزایمەکانی فرمانی جگەر
3. بەرزبوونەوەی ESR و CRP کە ئاماژەن بۆ هەبوونی هەوکردن
4. بەرزبوونەوەی ئەنزایمی creatine phosphokinase کە ئاماژەیە بۆ هەبوونی هەوکردنی ماسولکەیی.
پێشووتر سەردانی چەند دکتۆرێکی بەڕێزی تری کردبوو ، حاڵەتەکەی دەست نیشان کرابوو بە انزلاقی دیسکی فەقەرات..
بەڵام ئێمە دوای پرسیارکردنێکی زۆر لەسەر مێژووی حاڵەتەکەی دەرکەوت کە نەخۆشەکەمان لەماوەی ٤ مانگی ڕابردوودا حەبی ریتانی (isotretinon)ی خواردوە ڕۆژانە بۆ مەبەستی چارەسەری زیپکە….. دەرکەوت کە هۆکاری ئەم ئازارە زۆرە و هەوکرنە زۆرەی ماسولکەو جومگەی سمتی ( sacroiliac joints) بەکارهێنانی حەبی ڕیتان بوە،بۆیە ئێمە بڕیاری وەستاندنی حەبی ڕیتانماندا و لەگەڵ پێدانی چارەسەر بۆ ئەو هەوکردنە ، سوپاس بۆ خوا لە ماوەی یەک مانگدا نەخۆشەکەمان تەندروستی زۆر باشتر بوو ، ئازاری کەمتر بوەوە و ڕۆیشتنی زۆر باش بوو ڕزگاری بوو لە بەکارهێنانی دارشەقە!! لە ڕاستیدا ئەم حەبە ( مەبەستمان حەبی ریتان) چارەسەرێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کە زیپکەی دەم و چاویان هەیە، مەرج نیە لە هەموو کەسێکدا ئەو ماکانەی هەبێ بەڵام باشتر وایە لە کاتی بەکارهێنانیدا چاودێری فرمانی جگەر بکرێ و هەرکات ئازاری زۆری جومگە و ماسولکەت تووشبوو لەوکاتەدا پێویستە پشکنینت بۆ بکرێ لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بۆ ئەوەی ماکەکانی زیاتر نەبن…
تەندروست و سەلامەت بن….
د.ئـــــارام عبـــــداللــــە مــــــــلا
دکتۆرا لە نەخۆشیەکانی جومگەو ئێسك و ڕۆماتیزم
ڕانیە-شەقامی پزیشکان-تەلاری پزیشکی سینا
٠٧٥٠٥٥١٤٧٥٧ - ٠٧٧٣١٦٤٧٥٧٥