09/05/2019
گلێنەی قوچەکی (شوشێنەی قۆقز) (القرنیة المخروطیة)
دکتۆر ماکۆک محمد
× تەنکبوونی شوشێنەی چاو (گلێنەی قوچەکی) یەکێکە لە نەخۆشییە بڵاو و ترسناکەکانی چاو ئەگەر لە کاتی پێویستدا چارەسەری دروستی بۆ نەکرێت.
× ئەو بەشە شوشەییەی کە بەسەر ڕەنگینەی چاوەوەیە پێی دەوترێت (ڕەشێنە) یان (گلێنه) یان (شوشێنە)ی چاو، شێوەی نیمچەگۆییە و ڕوونە بۆ تێپەڕبوونی ڕوناکی بۆناو چاو.
× شوشێنەی چاو وەکو ئەو شوشەیە وایە کە سەعاتێکی دەستی داپۆشیوە و لەوێوە بەشەکانی تر دیارن.
× ئەستووری شوشێنەی چاو نزیکەی ۱ ملیمەترە، بەڵام لەناوەڕاستدا زۆر تەنکترە و نزیکەی نیو ملیمەترە.
× ئەو ڕوناکییەی ئەچێتە ناو چاو زۆربەی لەلایەن شوشێنەی چاوەوە ڕێکوپێک دەکرێت و دەگەیەنرێتە تۆڕەی چاو، واتە بەشی هەرە زۆری باش بینین پەیوەستە بە باشی شوشێنەی چاوەوە.
× گلێنەی قوچەکی بریتییە لە تەنکبوونی بەردەوامی شوشێنەی چاو و دەرپەڕینی بۆ دەرەوە، بەمەش ڕادەی بینایی چاوەکە زۆر کز دەبێت.
× هەردوو چاوەکە توش دەبن، لەوانەیە یەکێکیان درەنگتر لەوی تر توش ببێت یان کەمتر تەنک ببێت، بەڵام هەردوو چاوەکە پێویستی بە چارەسەر دەبێت.
× سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە قۆناغی هەرزەکاریەوە دەست پێدەکات، بەڵام هەندێک جار لە مناڵی خوار دە ساڵان یان کەسانی سەروو ۳۰ ساڵیشەوە دەبینرێت.
× سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە هەتا درەنگتر بێت ئەنجامی چارەسەرەکانی ئومێدبەخشتر دەبێت. بە زۆری لە تەمەنی ۳٥ ساڵی بەدواوە گلێنەکە تەنکتر نابێت و جێگیر دەبێت.
× لە سەرەتاوە وەکو چاوکزی ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام زوو زوو پێویستی به گۆڕینی چاویلکە دەبێت و بینایی چاوەکە بە چاویلکەشەوە زۆر ڕوون نابێت ، ئەمەش گومان دروست دەکات لای پزیشکی چاو و دەینێرێت بۆ پشکنینی گلێنەی چاو.
× چەندین ڕێگا هەیە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، وەکو پشکنین بە ئامێری سلیت لامپ و ڕێتینۆسکۆپ و پشکنینی کۆمپیوتەری و پێنتاکامی گلێنەی چاو.
× سێ قۆناغی هەیە، قۆناغی سوک (زیاتر لە ٤٨ یەکە قۆقز بووبێت)، قۆناغی مامناوەند (٤٨ بۆ ٥٤ یەکە قۆقۆز بووبێت)، قۆناغی توند ( زیاتر لە ٥٤ یەکە قۆقز بووبێت).
(شوشێنەی چاوی ئاسایی نزیکەی ٤۳ بۆ ٤٥ یەکە قۆقزە)
× هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە نەزانراوە، بەڵام ئەو کەسانەی توشی دەبن ئەوانەن کە زیاتر هەستیاری چاویان هەیە و زۆر چاو دەخورێنن، وە کەشوهەوای ناوچەکەیان تۆز و گەرمای زۆرە، ئەگەر کەسێکیش توش ببێت ئەگەری هەیە خوشک و برای توشی هەمان نەخۆشی ببن، وە ئەگەریش هەیە کەسی تر لەو بنەماڵەیە توش نەبن.
لەگەڵ ئەمانەشدا زۆرجار بەبێ هیچ گرفتێکی پێشینە هەر لە خۆوە ئەو کەسە توش دەبێت...................................................
چارەسەری شوشێنەی قۆقز (گلێنەی قوچەکی)
٭ ئەگەر پلەی نەخۆشیەکە سووک بوو، دەتوانرێت تەنها بە چاویلکە یان عەدەسەی لکاو چارەسەر بکرێت.
بەڵام دەبێت ۳ بۆ ٦ مانگ جارێک پشکنینی بۆ بکرێتەوە، ئەگەر زانرا زیاتر کزبووە دەبێت چارەسەری زیاتری بۆ بکرێت.
٭ لە هەر قۆناغێکدا پزیشکەکە دڵنیابووەوە لەوەی گلێنەکە تەنک بووە و شوشێنەی قۆقزیی هەیە، پێویستە چارەسەری (جێگیرکردنی شوشێنە) بەکاربهێنێت، کە بریتییە لە بەکارهێنانی قەترەی ڕایبۆفلاڤین و تیشکی لەیزەری سەروو وەنەوشەیی پێکەوە.
بەمەش کۆلاجینی ناو شوشێنە تۆکمە دەبنەوە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک چاوەکە لە تەنکبوون و کزبوونی زیاتر دەپارێزن.
ئەم چارەسەرە بۆ ئەوە نیە بینایی چاوەکە باشتر ببێت و چاویلکە لاببات، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە خراپتر نەبێت.
وە ئەگەر لە کاتی گونجاودا بکرێت چاوەکە دەپارێزێت لەوەی توشی نەشتەرگەری گۆڕینی گلێنە ببێت.
٭ ئەگەر بینایی چاوەکە بە چاویلکە و هاوێنەی لکاو ڕوون نەبووەوە، دەتوانرێت ئەڵقەی ناو شوشێنە دابنرێت، بە مەرجێک شوشێنە زۆر تەنک نەبووبێت.
٭ ئەگەر شوشێنەی چاو زۆر تەنک بووبێت یان تانەی لەسەر درووست بووبێت، پێویستە نەشتەرگەری گۆڕینی شوشێنەی چاو ئەنجام بدرێت. ئەمەش نەشتەرگەرییەکی قورسە و پێویستی بە شوشێنەی کەسێکی مردوو هەیە له بانقی چاو وەردەگیرێت.
Makok